به‌نزین.. به‌رزبوونه‌وه‌ى كتوپڕ و دابه‌زینى له‌سه‌رخۆ

هەواڵ / ئابوری :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 920‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی ئاشكرای دەكات ئەوان لەماوەی كەمتر لە مانگێك 50 دینار نرخی بەنزینیان دابەزاندووە و تا بەنزینیش بە گران نەكڕن، نرخ بەرزناكەنەوە، جێگری سەرۆكی لیژنەی وزەش جەخت دەكاتەوە كە هۆكارێكی بەرزبوونەوە و دابەزینی نرخی بەنزین بەو شێوەیە " لاوازی رۆڵى حكومەتە لە بازاڕی سووتەمەنی".


دوێنێ لە شاری سلێمانی نرخی هەر لیترێك بەنزین بڕی 25 دینار دابەزی، بەڵام ئەوەی جێی تێبینییە لە كاتی بەرزبوونەوەی نرخدا، بۆ نمونە 50 تا 100 دینار بۆ نرخەكان زیاد دەبن، بەڵام لە كاتی دابەزیندا نرخەكان كەمتر دادەشكێن.

بەهمەن شێخ قادر، وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی لە لێدوانێكدا بۆ دواڕۆژ رایگەیاند: "ئەگەر سەرنج بدرێت لەماوەی كەمتر لە مانگێكدا 50 دینار لە نرخی بەنزین لەسنوری پارێزگای سلێمانی دراوە، لە كاتێكدا نزیكەی هەشت مانگ لەمەوبەر 50 دینار بۆ نرخی لیترێك بەنزین زیادكرا.

روونیكردەوە، ئەوان لەسەر بنەمای بۆرسە ئیش دەكەن، مانگێك لەمەوبەر نەوت بەرمیلی بە 65 دۆلار بووە تا 89 دۆلاریش رۆیشت كە ئەوەش كاریگەری دەبێت.

وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی جەختیكردەوە، خاوەن بەنزینخانەكان ئێستا بەنزینی خەزنكراویان هەیە و تا لەدەرەوە بە نرخی گران بەنزین نەكڕن، نرخ بەرز ناكەنەوە.

هاوكات رێكەوت زەكی، جێگری سەرۆكی لیژنەی وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ دواڕۆژی روونكردەوە: ئەو بەرزبوون و دابەزینە پەیوەندی بە هۆكاری دەرەكی و ناوخۆییەوە هەیە، دەرەكییەكە بۆرسەی جیهانییە.

ئاماژەی بەوەكرد، هۆكارە ناوخۆییەكەش  لاوازی رۆڵى حكومەتە لە بازاڕی سووتەمەنی و پێشنیاریكرد هۆبەیەك دروستبكرێت پەیوەندی لەگەڵ مەنشەئی دروست بكرێت كە سووتەمەنییەكەی لێوە هاوردە دەكرێت بۆ ئەوەی رێژەی قازانج بەدیاریكراوی بزانرێت،  ئەو كاتە، كە رێژەی قازانج زانرا، ئەگەر بڕیارێك هەبوو بۆ نموونە رێژەی 10% یان 20% قازانجی بخریتەسەر، ئەو كاتە هۆكارە ناوخۆییەكەش چارەسەر دەكرێت.

پێداچوونه‌وه‌: سیروان  محه‌مه‌د



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە