دواڕۆژ ورده‌كاری كۆبوونه‌وه‌ی شاندی یه‌كێتی له‌به‌غدا بڵاوده‌كاته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 02/12/2018‌ :: 688‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جه‌مال
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 2ى كانونى یه‌كه‌م شاندێكى یه‌كێتی نیشتیمانى كوردستان گه‌یشته‌ شارى به‌غدا و له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق كۆبوونه‌وه‌ و بڕیاره‌ سبه‌ى دووشه‌ممه‌یش له‌گه‌ڵ چه‌ند لایه‌نێكى شیعه‌ كۆببنه‌وه‌ بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ى پۆستى وه‌زاره‌تى داد بۆ ئه‌و حیزبه‌.

شانده‌كه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئاسۆ مامه‌ند، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتییە.

د.جوان ئیحسان، سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ په‌رله‌مانی عێراق کە ئەندامی شاندەکەیە به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: ئه‌مڕۆ سه‌ردانی عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیران و  ره‌وتی سه‌در و حیكمه‌مان كردووه‌ و سبه‌ینێش دیداری دیكه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق و حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانى پێشوو و چه‌ند لایه‌نێكى دیكه‌ ده‌كه‌ین. 

سه‌باره‌ت به‌ یه‌كلاییبونه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی دادى عێراقیش بۆ یه‌كێتی، ناوبراو وتی: "لایه‌نه‌كان رای ئیجابییان له‌سه‌ر سیاسه‌تی یه‌كێتی و كاندیده‌كه‌شی هه‌یه‌ كه‌ خالید شوانی-یه‌، له‌ كۆتاییشدا ئه‌نجامه‌كه‌ ده‌رده‌كه‌وێت".


 پێداچوونه‌وه‌: ه.ق



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure