چی لە فرەنسا روودەدات؟

هەواڵ / چاوی تۆ :: 02/12/2018‌ :: 285‌ جار بینراوە

د. لوئه‌ى جاف*
لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو، لە چەندین شاری گەورەی فرەنسا و بە تایبەتی لە پاریس، خۆپیشاندان دژی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی دەستی پێکرد. لە ئەنجامدا خۆپیشاندەران کە لەکاتی خۆپیشانداندا ''هێلەکی زەرد'' دەپۆشن، لە خۆپیشاندەرەوە بوون بە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیی ناڕازی لە سیاسەتەکانی حکومەتی فرەنسا و دەسەڵاتداران.

هێلەک زەردەکان کێن؟
لە رووی سۆسیۆلۆجیەوە، پێکهاتە و باکگراوندی ئەم گروپە جیاوازن. لە رووی ده‌رامەتەوە، کەسانی چینی هەژار و چینی مامناوەندی لەخۆدەگرێ. لە رووی ئاڕاستەی سیاسیەوە، کەسانی چەپڕەو (لایەنگرانی چەپی چەپ، سۆسیالیست و سۆسیالدیموکرات)، کەسانی مۆدێرات (موعتەدلەکان) و راستڕەوە توندڕەوەکان لەخۆدەگرێ. بەشە زۆرەکەی ئەم بزووتنەوە کۆمەڵاتیە دەیانەوێ بە شێوەیەکی ئاشتیانە داواکانیان بگەیەنن بە حکومەت لە چوارچێوەی یاساکانی خۆپیشاندان. بەڵام کەمینەیەکی هێلەک زەردەکان هەیە کە ناتوانن کۆنتڕۆڵی تووڕەیی خۆیان بکەن و لەڕێی زەبروزەنگ و توندوتیژی، خۆیان نمایش دەکەن.

داواکارییان چیە ؟
لە سەرەتادا هۆکاری سەرەکی خۆپیشاندانەکان لە سەر بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی بوو، بە تایبەتی نرخی بەنزین. بەڵام دروشمەکانی خۆپیشاندانان دەربڕینی ناڕەزایەتیەکانی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینی تێپەڕاند و باس لە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، ململانێی چینایەتی و پاراستنی بەرژەوەندیی خاوەن نفوز و سەرمایەداران دەکات. یەکێک لەو دروشمانەی کە بەرزکراوەتەوە دەڵێت، فرەنسا پاڵەوانی جیهان لە تاکس وەرگرتن، وەک ئاماژەیەک کە فرەنسا تەنها پاڵەوانی جیهان نیە لە تۆپی پێ بگرە پاڵەوانیشە لە سەپاندنی تاکس و زەریبە لە سەر هاووڵاتیان بە تایبەتی چینی مامناوەندی.

هەڵوێستی دامودەزگاکانی فرەنسا
حکومەتی فرەنسا دەڵێت کەوا دەرگای کراوەیە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ نوێنەرانی هێلەک زەردەکان. سەرۆکی حکومەتی فرەنسا ئیدوارد فیلیپ، لە تەلاری حکومەت (ماتینیۆن)، پێشوازیکرد لە دوو نوێنەری ئەو بزووتنەوەیە بەڵام یەکێکیان پاشەکشەى کرد لەبەرئەوەی حکومەت نەیویست کۆبوونەوەکە تۆمار بکرێت.
حزبی دەسەڵات (بزووتنەوەی ئۆن مارش لاریپیبلوک)، داوای گفتۆگۆ دەکات لەگەڵ هێلەک زەردەکان. لەهەمانکاتدا دەستگیرکردنی ئەوانەی سەیارە و دوکانەکان دەسووتێنن. پێیوایە لە ماوەی پێشوودا پەیامە چاکسازییەکانی حکومەت بەباشی نەگەیه‌نراون بە فرەنسیەکان.
لە سەر ئاستی حزب و سەندیکا و ڕێکخراوەکانی تری فرەنسا، هەڵوێست و بۆچوونی جیاواز هەیە لە سەر رووداوەکان و چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ هێلەک زەردەکان و داواکارییەکانیان. حزبەکانی ئۆپۆزیسیۆن بە تایبەتی چەپی چەپ، حکومەت تاوانبار دەکەن بەوەی کار دەکات لە بەرژەوەندیی سەرمایەداران و هاوکاریی مادییان دەکات، لەهەمانکاتدا داوای تاکس-ی زیاتر دەکات لە چینی مامناوەندی و یارمەتی هەژاران کەمدەکاتەوە. سەرەڕای هەوڵدان بۆ قۆزتنەوەی رووداوەکان لە بەرژەوەندیی خۆیان، تائێستا هیچ حزب و ڕێکخراوێک نەیتوانیوە داواکاریی هێلەک زەردەکان ئاڕاستە بکەن بۆ بەرژەوەندیی خۆیان.

زیانی مادی و مەعنەوی
سەرهەڵدانی بزووتنەوەی هێلەک زەردەکان و دروستبوونی ئاڵۆزیی لەم کاتەدا کە بەرەو پشوو و یاد و جەژنەکانی سەری ساڵ دەڕۆین، زیانێکی مادیی و مەعنەوی لە فرەنسا داوە. لە لایەک، هاتوچۆی گەشتیاران کەمدەکاتەوە و بەو هۆیەوە ئوتێل و ریستۆرانت و قاوەخانەکانی پاریس ئیشیان کەمدەبێتەوە، لە لایەکی ترەوە ئەو توندوتیژیە و ئاگردانی سەیارە و دوکانەکانی پاریس، وێنەی پاریس ناشیرین دەکات لە دەرەوە و وەکو شارێکی ناسەقامگیر وێنادەکرێت. هەر بۆیە سەندیکاکانی ئوتێل و ریستۆرانت و قاوەخانەکانی پاریس لە هەوڵدان حکومەتى فرەنسی هەرزوو پێکبێت لەگەڵ هێلەک زەردەکان بۆ ئەوەی گەشتیاران نەترسن و بۆ سەری ساڵ بتوانن بێن بۆ پاریس.

هەفتەی داهاتوو:
هێلەک زەردەکان شەممە و یەکشەممەی داهاتوو دێنەوە بۆ خۆپیشاندان. دەڵێن بەردەوام دەبن تا حکومەت سیاسەتەکانی دەگۆڕێت و داواکانیان جێبەجێدەکات.


* سەرۆکی سەنتەری فرەنسی-کوردی، پاریس



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure