فەرماندەیەكی باڵای سەربازی ئەمریکا لەماڵەكەیدا بەمردوویی دۆزرایەوە

هەواڵ / جیهان :: 02/12/2018‌ :: 656‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ
بەپێی بەیاننامەیەكی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا، فەرماندەی هێزی دەریایی ئەمریكا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەناو ماڵەكەی خۆیدا لەبەحرەین بەمردوویی دۆزراوەتەوە.

بەپێی بەیاننامەكەی پێنتاگۆن، ئیدمیراڵ جۆن سكۆت ستێرنی لەشوێنی مانەوەی خۆی بەمردوویی دۆزراوەتەوە.

ئیدمیراڵ جۆن ریچاردسن، فەرماندەی ئۆپراسیۆنە دەریاییەكانی ئەمریكا رایگەیاند: ستێرنی فەرماندەی هێزە دەریاییەكان سەر بە سەركردایەتی ناوەندی هێزە چەكدارەكانی ئەمریكا بووە و فەرماندەی كەشتیگەلی پێنج بووە لەوڵاتی بەحرەین.

ریچاردسن هۆكاری مردنی ئەو فەرماندەیەی ئاشكرا نەكرد، ئەوەشی خستەڕوو: مردنەكە پێناچێت بەهۆی توندوتیژییەكەوە بووبێت و وەزارەتی ناوخۆی بەحرەین و لیژنەیەكی پێنتاگۆنیش لێكۆڵینەوەیان لەڕووداوەكە دەستیپێكردووە.


ستێرنی لەدایكبووی ویلایەتی ئیلینۆی بووە لەشیكاگۆ و ساڵی 1982 پەیوەندیكردووە بەسووپاوە و رۆژی 6ی ئایاری ئەمساڵ وەك فەرماندەی هێزە دەریاییەكان لەبەحرەین دەستبەكار بووە.


ئیدمیراڵ ستێرنی سەركردایەتی 20 هەزار سەربازی دەكرد و كەشتیگەلی پێنجی ئەمریكی لەئاوەكانی بەحرەین بەڕێوەدەبرد.

ئا: ئارام غەفور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure