سلێمانی: دوو ژن بەتاوانی كێشانی ماددەی هۆشبەر سزادراون

هەواڵ / کوردستان :: 01/12/2018‌ :: 261‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
لە شەش مانگی كۆتایی ئەمساڵدا دوو ژن بە تاوانی كێشانی ماددەی هۆشبەر رەوانەی چاكسازی ژنانی سلێمانی كراون و بەڕێوەبەرەكەش دەڵێت: "80%ی سزادراوانی ژنانی بەكارهێنەری ماددەی هۆشبەر سوودیان لە چاكسازی وەرگرتووە".


ئومێدە محەمەد، بەڕێوەبەری چاكسازی ژنان و منداڵانی سلێمانی لە لێدوانێكدا بۆ دواڕۆژ رایگەیاند: لە شەش مانگی كۆتایی ئەمساڵدا دوو ژن بە تاوانی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر لەجۆری تلیاك سزادراون.

ناوبراو روونیكردەوە: هۆكارەكانی بەكارهێنانیان زۆرن، بەڵام بە پلەی یەكەم ناو خێزان و مامەڵەی دایك و باوك، پاشان هاوڕێیەتی بەتایبەتیش بۆ نەوجەوانان.

ئومێدە محەمەد جەختیكردەوە: ژنانی سزادراو توانیویانە سوودی باش لە چاكسازی ببینن و وتیشی: "ژنان بەوتەی خۆیان سوودی زۆریان بینیوە، چونكە خولی هۆشیاركردنەوەیان بۆ دەكرێتەوە و توێژەر قسەیان لەگەڵ دەكات، دەتوانین بڵێین 80%ی سزادراوانی ژنانی بەكارهێنەری ماددەی هۆشبەر سوودیان لە چاكسازی وەرگرتووە".

بەڕێوەبەری چاكسازی ژنان باسی دۆخی سەرەتای ژنانی سزادراوی ماددەی هۆشبەری كرد و وتی: "ئەوان تا ماوەیەك بێتاقەت دەبن، چونكە خوێنیان لەگەڵ تلیاك راهاتووە، بۆیە سەرەتا پزیشكی دەروونی حەبیان بۆ دەنووسێت بۆ پاككردنەوەی خوێنیان، پاشان هۆشیار دەكرێنەوە، هەندێکجار وایلێهاتووە سزادراوان رێنمایی یەكدی دەكەن".

پێداچوونه‌وه‌: سیروان محه‌مه‌د



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure