هەڵەبجە: داوای جێبەجێکردنی لامه‌ركه‌زییه‌ت دەکرێت

هەواڵ / کوردستان :: 02/12/2018‌ :: 250‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمەسەعید
بەمەبەستی جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 3ی تایبەت بە دەسەڵاتی لامەرکەزییەت رێكخراوەكانی هەڵەبجە گروپێكی فشاریان دروستكردووە بۆ جێبەجێكردنی ئەو یاسایە كە بەجێبەجێكردنی یاساكه‌ دەسەڵات لە سەرەوە شۆڕدەبێتەوە بۆ دەسەڵاتە خۆجێیەكان.

ئاکۆ محەمەد، ئەندامی پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: ڕێكخراوەكانی هەڵەبجە گروپێكیان دروستكردەوە بەناوی گروپی مەركەزیەت کە ئامانجیان هەڵمەتی هۆشیارییه‌ و رونكردنەوەیان بۆ دەسەڵاتدارانی ناوچەكەی خۆیان هەیە، تاوەكو لە ئایندەیەكی نزیكدا فشارەكانیان زیاتر بكەن بۆ جێبەجێكردنی یاسای ژمارە 3ی تایبەت بە لامەرکەزییت، چونکە جێبەجێكردنی یاساكە خزمەتگوزاری زیاد دەكات. 

ئاماژەی بەوەشکرد: دەمانەوێت دەسەڵاتەكان شۆڕ بكرێنەوە و لە دەست كەسێكدا یان چەند كەسێكدا نەبن، بۆ ئەوەی بتوانرێت بەزوویی بڕیار لەسەر پرۆژەکان بدرێت و چاوەڕێی وەزیر یاخود سەرۆکی حکومەت نەکرێت، بەڵام بەداخەوە ئێستا باس لەوە دەکرێت كە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دەیەوێت ئەو دەسەڵاتەش وەربگرێتەوە كە دراوە بە پارێزگاكان.

حەسەن ڕەشید، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی هەڵەبجە بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 3ی پەرلەمان کە لەساڵی 2009 دەرچووە، دەسەڵاتێکی زیاتر دەداتە ئیدارەی پارێزگاکان، بەتایبەت کە ئێستا پارێزگای هەڵەبجە زۆر پێویستی بە جێبەجێکردنی ئەو یاسایە هەیە، بۆیه‌ ئێمە و ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجەش داوای جێبەجێکردنی ئەو یاسایە دەکەین.

لە ساڵی 2009 پەرلەمانی كوردستان، یاسای ژمارە 3ی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانی دەركرد و بەپێی یاساكە دەسەڵات شۆڕدەكرێتەوە بۆ پارێزگا و قەزا و ناحیەكان، بەڵام تائێستا جێبەجێ نەكراوە و  ئیدارەی هەڵەبجە و رێكخراوەكانیش داوای جێبەجێكردنی دەكەن.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure