لوتكه‌ى جى 20 له‌ ئه‌رژه‌نتین ده‌ستى پێكرد

هەواڵ / جیهان :: 30/11/2018‌ :: 388‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ
كاتژمێر 6:00ى ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ هه‌ینى 30ى تشرینى دووه‌م، لوتكه‌ى جى 20 به‌ به‌شدارى 29 سه‌ركرده‌ى باڵاى جیهان له‌ شارى بۆینس ئایرس-ى پایته‌ختى ئه‌رژه‌نتین ده‌ستى به‌ كاره‌كانى كرد.


وتارى ده‌ستپێكى لوتكه‌كه‌ له‌لایه‌ن ماوریسيۆ ماكرى، سه‌رۆكى ئه‌رژه‌نتین پێشكه‌شكرا و رایگه‌یاند :"ئێمه‌ لێره‌ین بۆ ئه‌وه‌ى داهاتووى جیهان باشتربكه‌ین، بۆیه‌ پێویسته‌ له‌پێناو گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌كه‌مان هه‌ماهه‌نگییه‌كان زیاتر بكه‌ین".

وتیشى :"هیوادارم بتوانین بگه‌ین به‌ ده‌رئه‌نجامێك كه‌ داهاتووى جیهان و نه‌وه‌كانمان سودى لێوه‌ربگرن، به‌ گه‌رموگوڕییه‌وه‌ گفتوگۆكان ئه‌نجامبده‌ین".

جى20ى ئه‌مساڵ به‌ به‌شدارى 29 سه‌ركرده‌ى وڵاتانى جیهان كه‌ گرنگترینیان بریتین له‌: دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكى ئه‌مریكا، ڤلادیمێر پوتین، سه‌رۆكى روسیا، تێرێزا مه‌یى، سه‌رۆك وه‌زیرانى بریتانیا، ئه‌نگێلا مێركل، راوێژكارى ئه‌ڵمانیا، ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكى فڕه‌نسا، شى جیگ پینگ، سه‌رۆكى چین به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

بڕیاره‌ له‌ لوتكه‌كه‌دا كه‌ ماوه‌ى دوو رۆژ ده‌خایه‌نێت چه‌ندین بابه‌تى گرنگى په‌یوه‌ست به‌ داهاتووى جیهان تاوتوێبكرێن وه‌ك: گۆڕانكارییه‌كانی كه‌شوهه‌وا، ده‌ستگرتن به‌ خۆراك، داهاتووى كار، دروستكردنى ژێرخانى په‌ره‌پێدان و بازرگانى.

هاوكات به‌پێى هه‌واڵى به‌شێكى زۆر له‌ میدیاكانى جیهان، بڕیاره‌ له‌ په‌راوێزى لوته‌كه‌دا چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ى گرنگ له‌نێوان سه‌ركرده‌ى وڵاتاندا ئه‌نجامبدرێن كه‌ گرنگترینیان كۆبوونه‌وه‌ى هه‌ردوو سه‌رۆكى ئه‌مریكا و روسیا-یه‌.
ئا:ئا.ح



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure