دوای داعش، هەڕەشەیەكی دیكە بەرۆكی كوردی كەركوكی گرتووە

هەواڵ / کوردستان :: 30/11/2018‌ :: 475‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری
كێشەی زەوی و زار گرفتێكی دیكەیە كە دوای داعش بەرۆكی كوردی كەركوك و ناوچەكانی دەوروبەری گرتووە و هۆشداریی دەدرێت لەڕوودانی كاردانەوەی خراپ.


دوای گەڕانەوەی دەیان خێزانی عەرەبی هاوردە بۆ ناوچەی حەفتەغاری سنوری داقوق لەڕێگەی بەكارهێنانی فشاری سەربازییەوە، بەرپرسێكی كورد هۆشداری دەدات لەئاڵۆزبوونی دۆخەكە و هەڵگیرسانی شەڕ ئەگەر دەستتێوەردان بۆ راگرتنی پێشێلكارییەكان نەكرێت.

بەرەبەیانی دوێنێ پێنجشەممە 29ی تشرینی دووەم، هێزەكانی پۆلیسی ئیتیحادی سەرپەرشتی گەڕانەوەی 55 خێزانی عەرەبی هاوردەیان كرد بۆ ناوچەی حەفتەغاری كوردنشین كە پێشتر دوای وەرگرتنی قەرەبووكردنەوە گەڕابوونەوە پارێزگاكانی خۆیان، هاوكات پارێزگاری كاتی كەركوك بەنوسراوی فەرمی قایمقامی دوبزی ئاگاداركردووەتەوە بۆ گەڕانەوەی خێزانە عەرەبەكان بۆ گوندی شناغەی كوردنشین.

كاكە رەش سدیق، بەرپرسی ئۆفیسی مادەی 140 لەپارێزگای كەركوك ئەمڕۆ هەینی 30ی تشرینی دووەم بە دواڕۆژی وت :"بەر لەجێبەجێكردنی بڕیاری گەڕانەوەی ئەو خێزانە عەرەبانە بۆ ناوچەی حەفتەغار هەموو لایەنەكانمان لەمەترسییەكانی ئەو هەنگاوە ئاگاداركردەوە و بەتەلەفۆنیش داوام لەراكان جبوری كرد بڕیارەكەی بكشێنێتەوە، چونكە ئاڵۆزی لێدەكەوێتەوە و لە ئەگەری رژانی خوێنیش خۆی بەرپرسیارە".

وتیشی: "كوردانی حەفتەغار چەند جارێك مانگرتن و رێوشوێنی شارستانییان بۆ رێگری لەجێبەجێكردنی بڕیارەكە گرتە بەر، بەڵام بێ سوود بوو، لەئێستادا مەترسی هەیە هەڵوێست وەربگرن و بەرپەرچدانەوەیان هەبێت، بۆیە هۆشداری دەدینە لایەنەكان بۆ دەستێوەردان و رێگریكردن لەپێشێلكارییەكان، چونكە كاردانەوەی خراپی لێدەكەوێتەوە و هەستیش دەكەین ئیدارەی كەركوك ئەوەی مەبەستە".

پێداچوونەوە: ئارام غەفور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure