گۆڕان: بەم مەرجە بەشداری حکومەت دەکەین

هەواڵ / کوردستان :: 29/11/2018‌ :: 4119‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان ئاشکرایدەکات، مەرجی گۆڕان بۆ چوونە ناو کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێم "شەریک" بوونە نەک بە بەشداریکردن.

نەسرەدین مەحمود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بەدواڕۆژی راگەیاند: بۆ بەشداریكردن لە حكومەتی نوێ یان بوون بە ئۆپۆزسیۆن، لە ئێستادا گروپەكان و جڤاتی گشتی و خانەی راپەڕاندن لە كۆبوونەوەدان، هەروەها مەكۆكانیش كۆبوونەوە دەكەن، چونكە بەرپرسی مەكۆ ئەندامی جڤاتە، بەشێك لە مەكۆكان كۆبوونەوەیان كردووە و خۆیان بۆ كۆبوونەوەی جڤات ئامادەكردووە.

دەربارەی ئەو راپرسییەی گۆڕان كە بەمەبەستی بەشداربوون لە حكومەتی نوێ یان بوون بە ئۆپۆزسیۆن كردوویەتی، ناوبراو روونیكردەوە: راپرسی بەشێكی ئەنجومەنی مەكۆكان و هەڵسوڕاوە ناڕێكخراوەكان تەواو بوون و بەشێكی دیكەیان ماون، چونكە گۆڕان دەیەوێت رای هەموو لایەك بزانێت.

سەبارەت بەوەی رای زۆرینە بۆ بەشداری لە حكومەت یان ئۆپۆزسیۆن بوون چییە؟ نەسرەدین مەحمود وتی: "هەردوو حاڵەت بۆ ئێمە گرنگە، ئەگەر ئۆپۆزسیۆن بین یان بەشداری حكومەت بكەین، بەڵام ئەگەر ئەمجارە بەشداری لە كابینەی نوێ بكەین دەبێت شەریك بین نەك بەشدار، واتە دەبێت ئاگامان لە بڕیار و پەیوەندییەكان بێت چ لە ناوەوە و چ لە دەرەوە".

نەسرەدین مەحمود جەختیشکردەوە: ئەوە مەرجی گۆڕانە بۆ چوونە ناو حکومەت و ئەو كاتەش بەشێك دەبین لەو حكومەتە و هەوڵ دەدەین بەهاوكاری لایەنەكانی بەشداربوو كار بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەكانی بكەین.  

پێداچوونەوە: ناکام



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure