كێ سه‌ركرده‌ی راسته‌قینه‌ی ماده‌ هۆشبه‌ره‌كانی جیهانه‌؟

هەواڵ / جیهان :: 30/11/2018‌ :: 498‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ
هه‌رچه‌نده‌ خواكین گۆست مان، كه‌ به‌ (ئێلچاپۆ) ناسراوه‌، به‌ یه‌كێك له‌ قاچاخچییه‌ هه‌ره‌ ترسناكه‌كانی ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان داده‌نرێت له‌ جیهاندا، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتداره‌ ئه‌مریكییه‌كان ناوێكی دیكه‌یان ئاشكراكرد كه‌ پێده‌چێت ئه‌قڵی ته‌كبیركه‌ری هه‌موو كرده‌وه‌كانی ئه‌م سه‌ركرده‌ به‌ناوبانگه‌ مه‌كسیكییه‌ بێت.

رۆژی سێشه‌ممه‌ی رابردوو، له‌ شاری نیویۆرك دادگایكردنی ئێلچاپۆ ده‌ستیپێكرد كه‌ تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی دراوه‌ته‌پاڵ 154 ته‌ن كۆكاین-ی بردووه‌ته‌ خاكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ و بایه‌خێكی جیهانی گه‌وره‌ی پێدرا له‌ رووی راگه‌یاندنه‌وه‌.

رۆژنامه‌كانی بریتانیا ده‌ڵێن :"له‌كاتی دادگایكردنی گۆست مان-دا ناوێكی دیكه‌ ده‌ركه‌وت كه‌ سه‌ركرده‌ی راسته‌قینه‌ی بازرگانیكردنه‌ به‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كانه‌وه‌ و ته‌مه‌نی 70 ساڵه‌ و ناوی ئیسماعیل زامبادایه‌ و به‌ ئێلمایۆ ناسراوه‌". 

رۆژنامه‌كان ده‌ڵێن :"پێشتر ئێلمایۆ هاوكاری ئێلچاپۆ بووه‌ و به‌ ئه‌نقه‌ست خۆی شاردووه‌ته‌وه‌ و ئێلچاپۆى خستووه‌ته‌ڕوو، هه‌روه‌ها چه‌ندین جار نه‌شته‌رگه‌ریی جوانكاری بۆ كراوه‌ بۆئه‌وه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان نه‌یناسنه‌وه‌".  

هه‌رچه‌نده‌ تا ئێستا شوێنی خۆشاردنه‌وه‌ی ئێلمایۆ له‌ مه‌كسیكدا نازانرێت، به‌ڵام گومان هه‌یه‌ ملیۆنه‌ها دۆلارى به‌رتیل بدات به‌ لێپرسراوانی وڵاته‌كه‌ی بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ئازادیی بسووڕێته‌وه‌.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure