له‌باره‌ى به‌ركه‌وتووانى چه‌كى كیمیاییه‌وه‌ په‌یامێكى به‌په‌له‌ ئاراسته‌ى حكومه‌ت ده‌كرێت

هەواڵ / کوردستان :: 29/11/2018‌ :: 205‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
كۆمه‌ڵه‌ی قوربانیانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ په‌یامێكى به‌په‌له‌دا رایده‌گه‌یه‌نێت: ناكرێت ئه‌و لیژنه‌یه‌ به‌ ئاره‌زووى خۆیان كار بكات و بڕیار له‌سه‌ر ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ى به‌ركه‌وتووانى چه‌كى كیمیایى بدات، به‌بێ ئه‌وه‌ى نوێنه‌رى ئێمه‌ ئاماده‌ نه‌بێت.


لوقمان عه‌بدولقادر سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی قوربانیانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌، له‌ كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیدا ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد: پاش ئه‌وه‌ی بڕیاردرا كه‌یسی به‌ركه‌وتوانی چه‌كی كیمیاوی له‌وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان بگوازرێته‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی، ئه‌م هه‌نگاوه‌ى حكومه‌تى هه‌رێممان به‌رزنرخاند و به‌ خزمه‌تكردنى زیاترى كه‌سوكارى شه‌هیدانمان دانا.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: له‌ چه‌ند ڕۆژى ڕابردوودا ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بڕیاریدا به‌ پێكهێنانى لیژنه‌یه‌ك له‌ نوێنه‌رى ئێمه‌ و وه‌زاره‌تى دارایى و وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى بۆ پشكنینی به‌ركه‌وتوانى چه‌كى كیمیایى، به‌مه‌به‌ستی ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌یان بۆ چاره‌سه‌ر، به‌ڵام دوێنێ به‌بێ ئاماده‌بوونى نوێنه‌رى ئێمه‌، لیژنه‌یه‌كى پزیشكی ژماره‌یه‌ك له‌ به‌ركه‌وتوانی بینیوه‌، دواتر هیچ ڕۆژێكیان دیارى نه‌كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ى له‌ ڕۆژانى داهاتوودا درێژه‌ به‌كاره‌كانیان بده‌ن و سه‌رجه‌م به‌ركه‌وتووانى چه‌كى كیمیایى بپشكنن، له‌كاتێكدا ده‌بوو نوێنه‌ری ئێمه‌و وه‌زاره‌تی داراییش ئاگاداری كاره‌كه‌ بوینایه‌.

سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شى وت: "داوا له‌وه‌زیری ته‌ندروستی ده‌كه‌ین به‌په‌له‌ بێته‌ سه‌ر هێڵ و ئه‌م كه‌یسه‌ ڕێكبخاته‌وه‌و كاره‌كان به‌هه‌ماهه‌نگی ئه‌نجامبدرێن، چونكه‌ ئه‌و بڕیاره‌ى له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بڕیارى له‌سه‌ر دراوه‌، به‌وجۆره‌یه‌ كه‌ ده‌بێت هه‌رسێ لایه‌نى ته‌ندروستى و دارایى و كۆمه‌ڵه‌ى قوربانیان واژۆ له‌سه‌ر ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ى به‌ركه‌وتووان بكرێت، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ ئاكادارى كارى ئه‌و لیژنه‌ نه‌بین، ئاماده‌ نین هیچ واژۆیه‌ك بكه‌ین".

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure