ئێران، هەناردەکردنی چەند ماددەیەك بۆ هەرێم دەستپێدەكاتەوە

هەواڵ / ئابوری :: 29/11/2018‌ :: 540‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، رێبین حەسەن
بەرپرسانی باڵای بازرگانی حكومەتی ئێران كار بۆ دووبارە هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ى ئەو ماددە خۆراكییانە دەكەنەوە، كە پێشتر هاوردەكردنیان بۆ هەرێم قەدەغە كرابوو، هاوكات ئێرانییەكان داواكارن یەك یاسا لەتەواوی مەرزە نێودەوڵەتییەكانی نێوان هەرێم و ئێراندا كاری پێبكرێت.


ئاغای هیوای ساڵەحی، سەرۆكی سەندیكای هەناردە و هاورده‌ى مەرزی نێودەوڵەتی باشماخی ئێران، ئەمڕۆ پێنجشەممە لەلێدوانێكی تایبەتدا، بەدواڕۆژی راگەیاند: لەماوەی رابردوودا، بەبڕیارێكی بەرپرسانی باڵای كاروباری بازرگانی و سنووری حكومەتی ئیران، هەناردەكردنی (26) مادەی خۆراكی لەمەرزە نێودەوڵەتییەكانەوە بۆ هەرێمی كوردستان قەدەغەكرابوو، بەڵام لەئێستادا كار بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكە و دووبارە ناردنەوەی بۆ هەرێم دەكرێت.

وتیشی: "دوێنێ چوارشەممە بڕیارێكی نوێ دەرچووە كە هاوردەكردنی دۆشاوی تەماتە لەباشماخ و مەرزەكانی ترەوە بۆ هەرێمی كوردستان دەستیپێبكاتەوە و لەداهاتوویەكی نزیكیشدا رێگە دەدرێت بەهاوردەكردنی تەماتە و پەتاتە بۆ هەرێم، واتە ئەوانەی كە پێشتر قەدەغەكرابوون، قۆناغ بەقۆناغ هاوردە دەكرێنەوە".

ئەوەشی خستەڕوو: "لەراستیدا سزاكانی سەر ئێران لەلایەن ئەمریكاوە هیچ كاریگەرییەكی بۆ سەر كاروباری بازرگانی ئێمە نەبووە لەگەڵ هەرێمدا و ئێمە كاری خۆمان دەكەین و بەردەوامین و پێشموایە بۆ لەمەولاش كێشەی بۆمان نابێت".

ئەو بەرپرسەی ئێران، داواشیكرد، ئاسانكاری بكرێت بۆ بازرگانانی وڵاتەكەی و تەواوی یاساكان لەباشماخ و مەرزەكانی تری هەرێم بەهەمان شێوە كاریان پێبكرێت.

پێداچوونه‌وه‌: سیروان محه‌مه‌د



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure