پارتى هۆكارى دواكه‌وتنى گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت ئاشكراده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 29/11/2018‌ :: 775‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
ئه‌ندامێكى سه‌ركردایه‌تى پارتى رایده‌گه‌یه‌نێت: پارتى له‌ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت خاوى پێوه‌ دیارنییه‌، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى حزبه‌كان له‌نێو خۆیان كێشه‌یان هه‌یه‌ له‌سه‌ر شێوازى به‌شداریكردنیان، بۆیه‌ پارتى چاوه‌ڕێى حزبه‌كان ده‌كات بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى گفتوگۆكان.

دواى سه‌ردانیكردنى شاندى پارتى بۆ سلێمانى و كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتى و گۆڕان بۆ به‌شداریكردن له‌ كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێم له‌ 17ى ئه‌و مانگه‌، تائێستا پارتى گه‌ڕى دووه‌مى دانووستاندنه‌كانى پۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پێكهێنانى حكومه‌ت ده‌ستپێنه‌كردووه‌ته‌وه‌.

له‌باره‌ى هۆكارى ده‌ستپێنه‌كردنه‌وه‌ى گفتوگۆكان، عه‌لى عه‌ونى ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى پارتى به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: پارتى له‌ سه‌ردان و گفتوگۆكردن بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت خاوى پێوه‌ دیارنییه‌و تائێستا سه‌ردانى یه‌كێتى و گۆڕانى كردووه‌، به‌ڵام كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ یه‌كێتى تائێستا خۆی یه‌كلایى نه‌كردووه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها گۆڕانیش وتی له‌نێو خۆماندا گفتوگۆ له‌سه‌ر به‌شدارى یاخود به‌شدارینه‌كردنى له‌ حكومه‌تى نوێ ده‌كه‌ین و كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان كردووه‌، به‌ڵام خۆیان یه‌كلایى نه‌كردووه‌ته‌وه‌".

رونیشیكرده‌وه‌: سێ چوار بۆچوون له‌نێو گۆڕان دروستبووه‌، هه‌ندێكیان ده‌ڵێن به‌شدارى بكه‌ین و به‌شێكی دیكه‌یان له‌گه‌ڵ به‌شداریكردن نین و به‌شێكى دیكه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن خۆیان هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌، بۆیه‌ پارتى چاوه‌ڕێى وه‌ڵامى لایه‌نه‌كان ده‌كات بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى گفتوگۆكان.

له‌باره‌ى ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى گفتوگۆكان، ئه‌و ئه‌ندامه‌ى سه‌ركردایه‌تى پارتى وتى: "پارتى زۆر جددیه‌ به‌شدارى به‌ پێكهاته‌كان بكات، به‌ڵام ته‌نیا سه‌ردانى ئه‌و حزبانه‌ ده‌كرێت كه‌ خواستی به‌شداریكردنیان هه‌یه‌".

پێشتر فازڵ میرانى سكرتێرى مه‌كته‌بی سیاسی پارتى دیموكراتى كوردستان رایگه‌یاندبوو: كاندیدى پارتى بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت نێچیرڤان بارزانى ده‌بێت، به‌ڵام له‌ئێستادا له‌ راگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ باس له‌ راسپاردنى مه‌سرور بارزانى ده‌كرێت، له‌وباره‌یه‌وه‌ عه‌لى عه‌ونى وتى: "سوپاس بۆ خوا، پارتى كادرى زۆرباشى هه‌یه‌، كاك نێچیرڤان یاخود كاك مه‌سروڕ كاندید بێت ئاساییه‌، به‌ڵام تائێستا له‌ناو پارتى گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌و گۆڕانكارییه‌ نه‌كراوه‌".

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure