دوا زانیاری لەسەر تەقەكردن لە به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژی له‌ سلێمانی

هەواڵ / کوردستان :: 29/11/2018‌ :: 401‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان و هۆگر
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژی دژی ژنان لە سلێمانی رایدەگەیەنێت: لێكۆڵینەوە لە رووداوی تەقەكردن له‌ بەشی رۆژهەڵاتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كه‌یان بەردەوامە.


رائید هیوا كەریم، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژی دژی ژنان لە سلێمانی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 29ى تشرینى دووه‌مى 2018 بە دواڕۆژی راگەیاند: لێكۆڵینەوە لە رووداوی تەقەكردنه‌كه‌ى شەوی رابردوو له‌ بەشی رۆژهەڵاتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كه‌یان بەردەوامە، تەقەكردنەكانیش بە چەكی قورس و كڵاشینكۆف بووە.

هیوا کەریم، ئاماژەی بەوەشدا: ئێمە گومانمان لە هیچ کەسێک نیە و هیچ ژنێکی داڵدەدراویش نیە لەو نووسینگەیە بێت، بۆیە لە بنکەی پۆلیسی ئازادی سکاڵامان تۆمارکردووە.

باسی لەوەشکرد: هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش سەرجەم بەڵگەکانیان لە شوێنی رووداوەکە کۆکردۆتەوە و لێکۆڵینەوە دەستیپیکردووە بۆ دۆزینەوەی تۆمەتباران.

کاتژمێر 12:5 خولەکی شه‌وى رابردوو به‌ چه‌كى جۆراجۆر تەقە لە باره‌گای بەشی رۆژهەڵاتى بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان له‌ سلێمانى كرا كه‌ ده‌كه‌وێته‌ گەڕەکی تویمەلیک.

رائید هیوا ئاماژەی بەوەشكرد: لەماوەی 10 رۆژی رابردوودا تەقە لە ئەفسەرێكیان لە شارۆچكەی چەمچەماڵ و تەقەش لە لانەی ئارام بۆ داڵدەدانی ژنان كراوە، بەڵام هۆكارەكان نەزانراون.

رووداوی تەقەكردنەكان لەو بەشانەی پاراستنی ژنان لە كاتێكدایە لە رۆژی 26ى ئه‌م مانگه‌وه‌ بۆ ماوەی 16 رۆژ چالاكی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بەڕێوەدەچێت.

پێشتر سەرکەوت عومەر، بەڕێوەبەری گشتی توندوتیژی دژی ژنان لە سلێمانی بە دواڕۆژی راگەیاند: ته‌نیا زیان به‌ ئۆتۆمبێلەکانی بەردەم بارەگاکە کەوتووە و هیچ زیانی گیانی نەبووە.

داڕشتنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure