185 ملیۆن دینار بۆ كردنه‌وه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پاسپۆرتى هه‌ڵه‌بجه‌ ته‌رخانده‌كرێت

هەواڵ / کوردستان :: 29/11/2018‌ :: 283‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌سه‌عید
وه‌زاره‌تى ناوخۆى هه‌رێم رێكاره‌كانى تایبه‌ت به‌ كردنه‌وه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پاسپۆرتى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌ستپێكردووه‌ و به‌ڕێوه‌به‌رى پاسپۆرتى سلێمانیش رایده‌گه‌یه‌نێت: بڕى 185 ملیۆن دینار بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ دابینكراوه‌.


عه‌مید سالار عه‌بدوڵا، به‌ڕێوه‌به‌ری پاسپۆرتی پارێزگاى سلێمانی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 29ى تشرینى دووه‌م به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: دواى ئه‌وه‌ى حكومه‌تى عێراق ره‌زامه‌ندى ده‌ربڕى كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كى سه‌ربه‌خۆى پاسپۆرت له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ بكرێته‌وه‌، وه‌زاره‌تى ناوخۆى حكومه‌تى هه‌رێمیش رێكاره‌كانى تایبه‌ت به‌ كردنه‌وه‌ى ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ى ده‌ستپێكرد.

وتیشى: "له‌ئێستادا كاره‌كانی كردنه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پاسپۆرتی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمه‌‌ و بینایه‌كه‌ش بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كه‌ وه‌رگیراوه‌.

 

باسی ئەوەشیکرد: له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌وه‌ بڕى 185 ملیۆن دینار بۆ كڕین و دابینكردنى پێداویستى بیناكه‌ ته‌رخانكراوه‌".

به‌ڕێوه‌به‌رى پاسپۆرتى سلێمانى ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: لیژنه‌یه‌كى وه‌زاره‌تى ناوخۆش سه‌رقاڵی كاری دیزاینی بیناكه‌ن و له‌داهاتوویه‌كی نزیكدا كاره‌كان ته‌واو ده‌بن، دواتر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كه‌ له‌ڕێگه‌ی مانگی ده‌ستكرده‌وه‌ ده‌به‌سترێته‌وه‌ به‌ به‌غداد و په‌یوه‌ندی دروست ده‌بێ.

ئاماژه‌شیدا: له‌چه‌ند رۆژی داهاتوودا له‌لایه‌ن بریكاری وه‌زیری ناوخۆى حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌، كارده‌كرێت له‌سه‌ر كردنه‌وه‌ى ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیانه‌ى دیكه‌ كه‌ سه‌ر به‌ حكومه‌تى عێراقن و فه‌رمانى كردنه‌وه‌یان بۆ ده‌رچووه‌.

به‌ كردنه‌وه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پاسپۆرتى هه‌ڵه‌بجه‌ چیتر پێویست ناكات هاوڵاتیانى سنوره‌كه‌ سه‌ردانى سلێمانى بكه‌ن بۆ ده‌رهێنان و نوێكردنه‌وه‌ى پاسپۆرته‌كانیان.

داڕشتنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure