ئاسایش ھەوڵی کوشتنی سەرمایەدارێکی سلێمانی پوچەڵدەکاتەوە

هەواڵ / کوردستان :: 28/11/2018‌ :: 11828‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محه‌مه‌د
ئاسایشی سلێمانی رایده‌گه‌یه‌نێت: ئه‌ندامانى باندێک ده‌ستگیركراون كه‌ ویستویانە سەرمایەدارێک بکوژن.


رزگار ئەحمەد، لێپرسراوی راگه‌یاندنى ئاسایشی سلێمانی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 28ى تشرینى دووه‌مى 2018 بە دواڕۆژی رایگه‌یاند: دواى کۆکردنەوەى زانیارى وورد باندێک ده‌ستگیركرا کە پێکهاتبوون لە سێ تۆمەتبار بەناوەکانى (ک.م.ر) لەدایکبووى ساڵى (1988) سلێمانى پیشەى کاسب و (ه.ج.ڕ) لەدایکبووى ساڵى (1993) سلێمانى پیشەى کاسب و (ر.ک.ع) لەدایکبووى ساڵى (2002) سلێمانى پیشەى کاسب.

وتیشی: "ئەم تۆمەتبارانە لەلایەن کەسێکەوە راسپێردرابوون بۆ کوشتنى هاوڵاتى (ت. ع. ک) کە سەرمایەدارێکى خەڵکى سلێمانیە، لەسەر کێشەیەکى نێوانیان".

به‌رپرسه‌كه‌ى ئاسایش رونیشیكرده‌وه‌: پاش ئەوەى بەرنامەڕێژى دەکەن کە لە شەوى (26 لەسەر 27ى مانگى 2018/11) لە نزیک گەڕەکى ئیبراهیم ئەحمەد لە سلێمانى دوو کەس لە تۆمەتبارەکان بەسوارى ماتۆڕ تەقە لە هاوڵاتی (ت) بكه‌ن لەکاتێکدا لەماڵ دێتە دەرەوە و پاشان بە ئۆتۆمبێلى جۆرى تۆیۆتا دەبڵ هەڵبێن، بەڵام هێزەکانى ئاسایش کە پێشتر زانیاریان هەبوو و پلانێکى ووردیا داڕشتبوو و چاودێریان کردبوون، پێش ئەنجامدانى تاوانەکە توانیان دەستگیریان بکەن و شکست بە پیلانەکەیان بهێنن.

راشیگەیاند: دەستگیراوە بەسەر (یەک ئۆتۆمبیلى جۆرى تۆیۆتا دەبڵ و یەک ماتۆڕ و یەک دەمانچە و سێ شانە و سی و حەوت فیشەکى دەمانچەدا).

ئاماژەی بەوەشدا تۆمەتباران بە فەرمانى دادوەر و بەپێی ماددەى (56) لە یاساى سزادانى عێراقى زیندانیکران و بەفەرمانى دادوەر رەوانەى بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى سلێمانى كران.

داڕشتنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure