بۆچى ملیاردێره‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ چووه‌ پاڵ حزبى شیوعى چینى؟

هەواڵ / جیهان :: 28/11/2018‌ :: 183‌ جار بینراوە
جاك ما

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ
ئایا نامۆ نیه‌ كه‌ دامه‌زرێنه‌ر و سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى ئیداره‌ى كۆمپانیایه‌ك به‌ به‌هاى 400 ملیار دۆلار و خاوه‌ن سه‌رمایه‌یه‌ك كه‌ به‌ نزیكه‌ى 35 ملیار دۆلار ده‌خه‌مڵێندرێت، بچێته‌ پاڵ حزبى شیوعى كه‌ سه‌ركرده‌كانى ده‌یانه‌وێت گه‌شه‌ به‌ چین و گه‌شه‌ به‌ سۆسیالیزم و ماركسیزم بده‌ن؟


پرسیاره‌ ساده‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ بۆچى (جاك ما)ى ملیاردێرى به‌ناوبانگ چووه‌ پاڵ حزبى شیوعى چینى؟

ئه‌و بڕیاره‌كه‌ى به‌ ره‌سمى له‌ رۆژنامه‌ى (گه‌ل)ى زمانحاڵى حزبى ده‌سه‌ڵاتدارى چین راگه‌یاند.

نازانرێت كه‌ى جاك چووه‌ پاڵ حزبه‌كه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ ده‌زانین كه‌ ئێستا ئه‌و یه‌كێكه‌ له‌ نزیكه‌ى 88 ملیۆن كه‌س كه‌ مانگانه‌ ئابونه‌ ده‌ده‌ن و به‌شدارى كۆبونه‌وه‌ى خولى ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها هه‌ندێك جار خۆیان ده‌خه‌نه‌ به‌رده‌م پرسى "ره‌خنه‌ له‌خۆگرتن" بۆ باشكردنى بیروباوه‌ڕه‌ ئایدیۆلۆجییه‌كانیان.

(جاك ما) به‌ به‌رگریكارێكى سه‌رسه‌ختى شێوازى مامه‌ڵه‌ى شى جین بینگ،ى سه‌رۆك داده‌نرێت له‌گه‌ڵ كۆمپانیا بیانیه‌كان و سه‌رانى ئه‌مریكا كه‌ ناڕه‌زایى خۆیان ده‌ربڕیووه‌ به‌رامبه‌ر كۆته‌كانى سه‌ر كاركردن له‌ چین.

ساڵى رابردوو له‌كاتێكى وه‌ك ئێستادا جاك له‌ لێدوانێكیدا بۆ (بى بى سى) رایگه‌یاند كۆمپانیاكانى وه‌ك فه‌یسبوك "ئه‌گه‌ر بێن بۆ ئێره‌ ده‌بێت بڵێن به‌ڵێ، من پابه‌ند ده‌بم به‌ یاسا و ئه‌حكامه‌كانى چین" وتیشى: "من له‌ حكومه‌تدا نیم، ناشتوانم به‌ناوى حكومه‌ته‌وه‌ قسه‌ بكه‌م" هه‌ندێك ده‌ڵێن ئه‌م قسانه‌ له‌وه‌وه‌ چاوه‌ڕوان كراو بوو.

هه‌ندێكى تر ده‌ڵێن بۆ به‌ره‌و پێشه‌وه‌چوون له‌ چین پێویسته‌ له‌ ریزى شیوعییه‌كاندا بێت له‌ سه‌ركرده‌ و كارمه‌ند و به‌رپرسان (به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر بته‌وێت كۆنتڕۆڵى هێزى سه‌رده‌مى به‌ده‌سته‌وه‌ بگریت، له‌ ساڵى 1999-وه‌، كه‌ ئه‌ویش ئه‌نته‌رنێته‌ بۆ دروستكردنى گه‌وره‌ترین بازرگانى له‌ جیهاندا له‌رێى ئینته‌رنێته‌وه‌، له‌ وڵاتێكدا كه‌ چاودێرى له‌سه‌ر ئینته‌رنێت هه‌یه‌).

جاك توانى گه‌وره‌ كۆمپانیاى (عه‌لى بابا) بونیادبنێت كه‌ بووه‌ته‌ نیشانه‌یه‌كى جیاواز له‌بوارى گه‌شه‌ى ئابورى، پێشتر كۆمپانیا ره‌زامه‌ندیدا له‌سه‌ر پێدانى زانیارى له‌باره‌ى كڕیارانى له‌كاتێكدا ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتداران داواى لێبكه‌ن، ئه‌مه‌ش وه‌ك ره‌چاوكردنى "یاسا و ئه‌حكامه‌كانى چین" كه‌ ساڵى رابردوو جاك له‌باره‌یه‌وه‌ دوا.

ره‌نگه‌ (ما یون)، كه‌ ئه‌مه‌یان ناوه‌ ره‌سمییه‌كه‌یه‌تى، بۆیه‌ چوبێته‌ پاڵ حزبى شیوعى، چونكه‌ باوه‌ڕى به‌ نمونه‌ى كارى چینى هه‌یه‌ كه‌ رێگه‌یدا وڵاته‌كه‌ى بچێته‌ ناو قوڵایى بوارى ئابورییه‌وه‌.

ره‌نگه‌ پرسیاره‌كه‌ دره‌نگ وه‌خت بێت به‌هۆى ئه‌وه‌ى جاك نزیك بووه‌ته‌وه‌ له‌وه‌ى واز له‌ پۆسته‌كه‌ى بهێنێت وه‌ك سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى ئیدارى جێبه‌جێكردنى كۆمپانیاى (عه‌لى بابا) له‌ ساڵى داهاتوودا.

به‌ڵام راگه‌یاندنى ئه‌ندامێتى له‌ حزبى شیوعى مایه‌ى پرسیارى فزوڵییانه‌یه‌، به‌هۆى ئه‌وه‌ى له‌ ئه‌ندامانى حزبى شیوعى چینى چاوه‌ڕوان ده‌كرێت، به‌ڵكو داواده‌كرێت، كه‌ حزب له‌پێش هه‌ر شتێكى تره‌وه‌یه‌.

كۆمپانیاى عه‌لى بابا ده‌ڵێت به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ى هیچ كات به‌رژه‌وه‌ندى حزبى نه‌خستوه‌ته‌ پێش به‌رژه‌وه‌ندى كۆمپانیا و هاوبه‌شه‌كانى، كه‌ له‌ بازاڕى بۆڕسه‌ى نیویۆرك تۆماركراون، له‌كاتێكدا ئه‌گه‌ر كاره‌كه‌ پێویستى به‌ بڕیارێكى چاره‌نوسساز هه‌بێت.

ئه‌م پرسه‌ بووه‌ته‌ مایه‌ى تێڕامان، به‌ڵام هه‌ندێك تێبینى ئه‌وه‌یان كرد كه‌ له‌ نامه‌ى ناساندنى كۆمپانیا له‌ ساڵى 2014 ئاماژه‌ به‌ په‌یوه‌ندى جاك به‌و حزبه‌وه‌ نه‌دراوه‌.

سه‌رچاوه‌: بى بى سى
و: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure