به‌ركه‌وتووانى چه‌كى كیمیایى بۆ چارەسەر دەنێردرێن بۆ ئێران

هەواڵ / کوردستان :: 28/11/2018‌ :: 229‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
به‌ مه‌به‌ستى ناردنه‌ده‌ره‌وه‌یان بۆ ئێران و وه‌رگرتنى چاره‌سه‌رى پێویست و ئه‌نجامدانى نه‌شته‌رگه‌رى بۆیان، ئه‌مڕۆ 28ی تشرینی دووەمی 2018 له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌كى پسپۆڕه‌وه‌ پشكنین بۆ به‌ركه‌وتووانى چه‌كى كیمیایى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌ستیپێكرد كه‌ ژماره‌یان دوو هه‌زار و 400 برینداره‌.


له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا، سنور حامید، جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ته‌ندروستى هه‌ڵه‌بجه‌ رایگه‌یاند: دواى ئه‌وه‌ى دۆسیه‌ى چاره‌سه‌ركردنى به‌ركه‌وتووانى چه‌كى كیمیایى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ وه‌زاره‌تى كاروبارى شه‌هیدانه‌وه‌ ڕاده‌ستى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى كرا، له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌وه‌ لیژنه‌یه‌ك پێكهێنرا پشكنینى به‌ركه‌وتووان بۆ ناردنه‌ده‌ره‌وه‌یان بكات كه‌ زۆر پێویستیان به‌ نه‌شته‌رگه‌رى و چاره‌سه‌ر هه‌یه‌.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ وه‌ك به‌ركه‌وتووى چه‌كى كیمیایى ناویان تۆماركراوه‌ ژماره‌یان دوو هه‌زار و 400 كه‌سه‌ كه‌ سه‌رجه‌میان له‌ ده‌زگاى ژیان دۆسیه‌یان بۆ كراوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ بە باشمانزانى كه‌ ئه‌م پرۆسه‌یه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ده‌زگاى ژیان ئه‌نجامبده‌ین، دواى كۆتاییهاتن به‌ پشكنینه‌كان له‌ ماوه‌ى چه‌ند ڕۆژى داهاتوودا ڕه‌وانه‌ى ئێران ده‌كرێن.

جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ته‌ندروستى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شى وت: "ئه‌مڕۆ لیژنه‌كه‌ ده‌ستى به‌كاره‌كانى كردووه‌ و سه‌ره‌تا ئه‌و بریندارانه‌ ده‌نێردرێنه‌ ده‌ره‌وه‌ كه‌ زۆر پێویستیان به‌ ئه‌نجامدانى نه‌شته‌رگه‌رى هه‌یه‌، به‌ تایبه‌ت نه‌شته‌رگه‌رى چاندنى گلێنه‌ى چاو، هه‌روه‌ها پێدانى چاره‌سه‌ر به‌ هه‌ندێك له‌ بریندارانى دیكه‌".

وتیشی: "بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌ قۆناغى یه‌كه‌مدا ئه‌مڕۆ لیژنه‌كه‌ پشكنین بۆ 57 بریندار ده‌كه‌ن كه‌ 51 برینداریان خه‌ڵكى هه‌ڵه‌بجه‌ن و شه‌ش بریندارى دیكه‌شیان خه‌ڵكى دۆڵى بالیسانن".

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure