سه‌ركردایه‌تییه‌كی پارتی: شەراكەتی راستەقینە فیفتی بە فیفتی نییە

هەواڵ / کوردستان :: 27/11/2018‌ :: 419‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
سەركردەیەكی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت: شەراكەتی راستەقینە ئەوەیە هەر لایەنێك بەپێی دەنگەكانی خۆی مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت و دەڵێت: "شەراكەتی راستەقینە فیفتی بە فیفتی نییە".


ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆبووەوە و لە راگەیەنراوی كۆتاییدا سەبارەت بەكابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند: یەكێتی بە شەراكەتی راستەقینە و بڕیار و بەرپرسیارێتی هاوبەش بەشداری دەكات.

لە بەرامبەردا عەلی عەونی، ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بە دواڕۆژی راگەیاند: ئەوانەی كە مەرجەكانیان جێبەجێ نەكرد، ئەوانە بوون كە لەنێو حكومەتی هەرێمدا بوون و دژی حكومەتیش قسەیان كرد، ئەگینا ئەوەی دەبێتە وەزیر هەموو دەسەڵاتێكی هەیە، ئەوانەی بەشداری حكومەت دەكەن دەبێت بەرپرسیارێتیش قبوڵ بكەن، نەك پێیەكیان لە حكومەت و پێیەكیان لە ئۆپۆزسیۆن بێت.

ناوبراو وتیشی: "شەراكەتی راستەقینە فیفتی بە فیفتی نییە، شەراكەتی راستەقینە ئه‌وه‌یه‌ هه‌ر لایەنێك بەپێی قورسایی خۆی و دەنگەكانی كە هێناویەتی مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت، شەراكەتی درۆینەش ئەوەیە لە هەڵبژاردندا 20 كورسی بێنێت و داوای نیوەی حكومەتیش بكەیت".

لە هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی پەرلەمانی كوردستان پارتی بە بەدەستهێنانی 45 كورسی بووە براوەی یەكەم، یەكێتیش 21 كورسی هێنا و بووە براوەی دووەم، تائێستا یەك كۆبوونەوەی راوێژكاری لەنێوان پارتی و یەكێتی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم كراوە.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە