مژده‌یه‌ك له‌ وه‌زیرى ته‌ندروستیه‌وه‌ بۆ توشبوانی شێرپه‌نجه‌

هەواڵ / کوردستان :: 27/11/2018‌ :: 1566‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌27ی تشرینی دووه‌می2018، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی بناغه‌ی دوستكردنی سه‌نته‌رێكی تایبه‌ت به‌ چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ی دانا و وه‌زیری ته‌ندروستیش ده‌ڵێت: "هه‌مان سه‌نته‌ر له‌ پارێزگای دهۆكیش دروستده‌كه‌ن".

دوای دانانی به‌ردی بناغه‌ی سه‌نته‌ره‌كه‌ رێكه‌وت حه‌مه‌ ره‌شید، وه‌زیری ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: به‌هۆی باشتر بوونی قه‌یرانی دارایی و نه‌مانی شه‌ڕی داعش حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ستی كردووه‌ به‌ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كان، بۆ ئه‌مه‌ش ئه‌مڕۆ سه‌نته‌رێكی گه‌وره‌ی تایبه‌ت به‌ نه‌خۆشییه‌كانی شێرپه‌نجه‌ له‌ هه‌ولێر به‌ردی بناغه‌ی دانرا و له‌پارێزگای سلێمانیش كه‌ دوو ئامێری نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌یان هه‌یه‌، ده‌كرێته‌ سێ ئامێر و له‌ پارێزگای دهۆكیش سه‌نته‌رێكی هاوشێوه‌ی هه‌ولێر بۆ نه‌خۆشانی شێرپه‌نجه‌ دروستده‌كرێت.

 

وتیشی: "وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی بەبەهای 1 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار پڕۆژه‌ی هه‌یه‌ و له‌گه‌ڵ باشبوونی باری دارایی هه‌رێم سه‌رجه‌م پڕۆژه‌كان ده‌كه‌ونه‌ كار".

 

وه‌زیری ته‌ندروستی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: ئه‌و كۆمپانیایه‌ی كه‌ ئامێره‌كان ده‌هێنێ پێویسته‌ به‌ زووترین كات كاره‌كانی جێبه‌جی بكات، ئه‌و نەخۆخشانه‌یه‌شی كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ هه‌ولێر به‌ردی بناغه‌ی دانرا، بەماوەی‌ شه‌ش مانگ ته‌واو ده‌كرێت.

رێكه‌وت حه‌مه‌ره‌شید ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: حكومه‌تی هه‌رێم پلانی درێژ خایه‌نی هه‌یه‌و له‌مه‌ودوا نابێت خه‌ڵك له‌وه‌ بترسێت كه‌ نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ له‌ كوردستان چاره‌سه‌ر ناكرێت، به‌ڵكو لێره‌ش چاره‌سه‌ر بۆ نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ هه‌یه‌ و ئه‌مڕۆش 100 تووشبووی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ له‌ دوای چاره‌سه‌ریه‌كی زۆر ئه‌مڕۆ كۆتایی به‌و نه‌خۆشییەیان هاتووه‌.

پێداچوونەوە/ ئارام غەفور



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure