وه‌زاره‌تی ناوخۆ وه‌ڵامی ته‌ڤگه‌ری ئازادی ده‌داته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 26/11/2018‌ :: 321‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی ناوخۆ رایده‌گه‌یه‌نێت: ئەو حیزبانەی لە پارچەکانی کوردستانەوە دیکەوە هاتوونەتە هەرێم، میوانن و نابێت کاری رێکخستن یان بەشداری هەڵبژاردن بکەن.


هه‌ڵۆ سه‌عید، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی پارت و رێكخراوه‌كان له‌ وه‌زره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێم به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: ئه‌و حیزبانه‌ی كه‌ له‌ پارچه‌كانی دیکەی كوردستان دامه‌زراون و هاتوون له‌ هه‌رێمی كوردستانن بژین، بۆیان نییه‌ كاری رێكخستن له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام بده‌ن و ناشبێت به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێم بكه‌ن، چونكه‌ ئه‌وانه‌ وه‌ك میوان لێره‌ن، بەڵام ئاساییه‌ هه‌ندێک كاری مه‌ده‌نی ئه‌نجام بده‌ن. 

له‌ باره‌ی داخستنی حیزبی ته‌ڤگه‌ری ئازادیشه‌وه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی پارت و رێكخراوه‌كان وتی: "تائێستا رێنماییمان به‌ ده‌ست نه‌گه‌یشتووه‌ بۆ داخستنی هیچ حیزبێك". 

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی بۆچی وه‌زاره‌تی ناوخۆ چوار ساڵه‌ وه‌ڵامی ته‌ڤگه‌ری ئازادی نه‌داوه‌ته‌وه‌ سەبارەت بە دەرکردنی مۆڵەت، هه‌ڵۆ سه‌عید روونیکردەوە: هه‌ر حیزبێك كه‌ داوای مۆڵه‌تی دامه‌زراندن ده‌كات پێویسته‌ له‌ ماوه‌ی 90 رۆژ وه‌ڵامی بدرێته‌وه‌ گه‌ر له‌و ماوه‌یه‌ وەڵام نه‌درایه‌وه‌ پێویسته‌ دوای مانگێك له‌ دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ سكاڵا تۆمار بكات ئه‌و كاته‌ دادگا بڕیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ ده‌دات كه‌ ئاخۆ ئه‌و حیزبه‌ رێگه‌ی پێده‌درێت دابمه‌زرێت یاخودنا. 

به‌ پێی رێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ، ئه‌و كه‌سه‌ی داوای دامه‌زراندنی حیزبێك ده‌كات ده‌بێت ناوی 50 ئه‌ندامی دامه‌زرێنه‌ری هه‌بێت و ته‌مه‌نیان له‌ 25 ساڵ كه‌متر نه‌بێت، 500 كه‌سیش پاڵپشتی دامه‌زراندنی ئه‌و حیزبه‌ بكات، پابه‌ندی یاسا و ده‌ستور بن و ناكۆك نه‌بێت له‌گه‌ڵ بنه‌ما دیموكراسییه‌كان.

پێداچوونەوە: ن.ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure