ژنێك ده‌یان ساڵه‌ به‌ ته‌نیا حه‌مامێك به‌ڕێوه‌ده‌بات و شه‌ش منداڵى تێدا به‌خێوكردووه‌

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 4493‌ جار بینراوە

تاگ :: سلێمانی

دواڕۆژ، سامان قوبادى
ئامینه‌ محه‌مه‌د نزیكه‌ى 30 ساڵه‌ به‌ ته‌نیا (گه‌رماوى موفتى) له‌ شارى سلێمانى به‌ڕێوه‌ده‌بات كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ ژنان. ئامینه‌ له‌ دیدارێكى دواڕۆژدا باس له‌وه‌ ده‌كات زۆربه‌ى خێزانى به‌رپرسان و ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانى شار له‌ رابردوودا لاى ئه‌م خۆیان شۆردووه‌ و شه‌ش منداڵى له‌م گه‌رماوه‌دا به‌خێوكردووه‌.

دواڕۆژ: ساڵى چه‌ند گه‌رماوى موفتى دروستكراوه‌؟ 

ئامینه‌ محه‌مه‌د: له‌گه‌ڵ دروستكردنى شارى سلێمانى له‌ ساڵى 1784دا حه‌مامى موفتى-یش دروستكراوه‌، لە سه‌ره‌تادا حاجى تۆفیقى له‌یلێ خاوه‌نى بووه‌، دواتر ده‌ستاوده‌ستى كردووه‌ و دراوه‌ به‌ خه‌ڵكى تر، من سێه‌مین كه‌سم كه‌ گه‌رماوه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ده‌به‌م.

دواڕۆژ: له‌كه‌یه‌وه‌ له‌ گه‌رماوى موفتى كار ده‌كه‌یت؟
ئامینه‌ محه‌مه‌د: بۆ 30 ساڵ ده‌چێت له‌م حه‌مامه‌ كارده‌كه‌م، له‌ ساڵى هه‌شتاكان ئه‌وكاته‌ى هاوسه‌رگیریم كرد مێرده‌كه‌م حه‌مامه‌كه‌ى به‌ كرێ گرتبوو، ئه‌وكات هاوسه‌ره‌كه‌م به‌شى پیاوانى به‌ڕێوه‌ده‌برد، منیش به‌شى ژنان، له‌وه‌ته‌ى ئه‌م حه‌مامه‌ دروستكراوه‌ بۆ پیاوان و ژنان بووه‌، له‌و سه‌رده‌مه‌دا له‌ سه‌عات 5 بۆ 8 ى به‌یانى تایبه‌ت بووه‌ به‌ پیاوان، دواتر بۆ ژنان بووه‌ تا 2ى دوانیوه‌ڕۆ، دووباره‌ كراوه‌ته‌وه‌ بۆ پیاوان، به‌ڵام ماوه‌ى 10 ساڵه‌ پاش مردنى هاوسه‌ره‌كه‌م تایبه‌تم كردووه‌ به‌ ژنان.

دواڕۆژ: چۆن توانیوته‌ له‌یه‌ككاتدا ماڵ و گه‌رماوه‌كه‌ به‌ڕێوه‌به‌ریت؟
ئامینه‌ محه‌مه‌د: شه‌ش منداڵم له‌م گه‌رماوه‌دا به‌خێوكردووه‌، شه‌و نا شه‌وێك بردومنه‌ته‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ و بێشكه‌یان بینیوه‌، ته‌نانه‌ت له‌ناو حه‌مامه‌كه‌یشدا له‌ باوه‌شمدا بوون، له‌ ساڵانى پێشوو خه‌ڵكێكى زۆر رووى تێده‌كرد ئێستا ئیش كه‌مبووه‌ته‌وه‌. به‌ڵام قورس بووه‌ له‌یه‌ككاتدا خزمه‌تى ماڵ و مناڵ بكه‌م و حه‌مامه‌كه‌یش به‌ڕێوه‌به‌رم. 

دواڕۆژ: له‌ رابردوودا له‌ كه‌سێتییه‌ به‌ناوبانگه‌كانى سلێمانى كامیان هاتوونه‌ته‌ گه‌رماوه‌كه‌؟
ئامینه‌ محه‌مه‌د: هه‌موو كه‌سێك هاتووه‌، خێزانى زۆربه‌ى به‌رپرسانى سلێمانى له‌سه‌رده‌مى شێخ مه‌حمود تا به‌رپرسانى دواى راپه‌رین هاتوون لێره‌ خۆیان شۆردووه‌، به‌ده‌وڵه‌مه‌ند و فه‌قیره‌وه‌، بڕوا ناكه‌م ژن هه‌بێت له‌م شاره‌دا له‌ گه‌رماوى موفتى خۆى نه‌شۆردبێت.

دواڕۆژ: به‌وپێه‌ى له‌ رابردوودا زۆربه‌ى ماڵه‌كانى سلێمانى گه‌رماویان نه‌بوو، تاچه‌ند ژنان روویان كردووه‌ته‌ گه‌رماوى موفتى؟
ئامینه‌ محه‌مه‌د: له‌سه‌ره‌تاى كاركردنم له‌ 8ى به‌یانیه‌وه‌ ده‌هاتمه‌ گه‌رماوه‌كه‌ و منداڵه‌كانیشم له‌گه‌ڵ خۆم ده‌هێنا، ئه‌وكاته‌ به‌یانیان كه‌ ده‌هاتم بۆ ئیش نزیكه‌ى 20 ژن له‌به‌رده‌م حه‌مامه‌كه‌دا ده‌وه‌ستان، چاوه‌ڕێمان ده‌كرد تا پیاوه‌كان ده‌هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌.

دواڕۆژ: له‌سه‌ره‌تاى كاركردنت بڕى ئه‌و پاره‌یه‌ چه‌ند بوو كه‌ له‌ ئافره‌تانت وه‌رده‌گرت؟
ئامینه‌ محه‌مه‌د: له‌ ساڵانى هه‌شتاكاندا 4 په‌نجایى-مان له‌ هه‌ر ئافره‌تێك وه‌رده‌گرت، ئێستا خۆشۆردن به‌ 6 هه‌زار دیناره‌.

دواڕۆژ: گه‌رماوه‌كه‌ چه‌ند به‌شى خۆشۆردنى تێدایه‌، ئایا به‌شێوه‌یه‌كى كراوه‌ ئافره‌تان خۆیان ده‌شۆن؟
ئامینه‌ محه‌مه‌د: 27 شوێنى خۆشۆردنى كراوه‌ى تێدایه‌ ئه‌مه‌ش كراوه‌ به‌ دوو به‌شه‌وه‌ هه‌ر به‌شه‌ى 10 ئافره‌ت ده‌توانێت خۆى تێدا بشوات، كرێكارم نییه‌ و له‌ به‌یانییه‌وه‌ زوو دێم بۆ داگیرساندنى كووره‌ و گه‌رمكردنى حه‌مام و ئاو، كارێزێك و بیرێكى تێدایه‌، هه‌ر چه‌نده‌ ئاوه‌كه‌ى كه‌م بووه‌ته‌وه‌ به‌ڵام تائێستا كارێزه‌كه‌ ئاوى پێدا دێت.

دواڕۆژ: چه‌ند كووره‌ى گه‌رمكردنى ئاوى تێدایه‌؟
ئامینه‌ محه‌مه‌د: یه‌ك كووره‌ى تێدایه‌ له‌ژێر مه‌نجه‌ڵه‌كه‌دا كه‌ به‌ قیاسى ژورێكى سێ به‌ چوار ده‌بێت، تانیوه‌ى ژوره‌كه‌ دیواره‌كه‌ى ئاوى تێده‌چێت.

دواڕۆژ: له‌ئێستا رۆژانه‌ چه‌ند ئافره‌ت دێنه‌ گه‌رماوه‌كه‌ت؟
ئامینه‌ محه‌مه‌د:  زۆر كه‌مبووه‌ته‌وه‌، رۆژى وا هه‌یه‌ 30 ئافره‌ت خۆیان ده‌شۆن، به‌ڵام رۆژ هه‌یه‌ ته‌نها 5 نه‌فه‌رم هه‌یه‌، حه‌مامه‌كه‌ له‌ 8ى به‌یانییه‌وه‌ تا 6 ئێوار كراوه‌یه‌. داهاته‌كه‌ى زۆر كه‌م بووه‌ته‌وه‌، به‌هۆى ئه‌وه‌ى كه‌ هه‌موو ماڵێك گه‌رماوى تێدایه‌، به‌ڵام له‌به‌ر گوزه‌رانى خۆمان به‌رده‌وامیمان پێداوه‌، هیچ داهاتێك یان مووچه‌یه‌كم نییه‌، حكومه‌ت ده‌ڵێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ى كار ده‌كه‌یت مووچه‌ى بێوه‌ژنانه‌ت بۆ نابڕینه‌وه‌.

دواڕۆژ: ئه‌وانه‌ى دێن بۆ خۆشۆردن ئایا پێویستیه‌كانى خۆیان دێنن یان لێره‌ هه‌یه‌؟
ئامینه‌ محه‌مه‌د: زۆربه‌یان پێویستیه‌كانى خۆشۆردن دێنن له‌گه‌ڵ خۆیان، له‌م گه‌رماوه‌دا سه‌رجه‌م پێویستیه‌كانى وه‌ك لفكه‌ و سابون و گوێزان و جلى ژێره‌وه‌یان پێده‌درێت، جگه‌له‌وه‌ له‌وكاته‌وه‌ى لێره‌م تائێستاش ئه‌و ئافره‌ته‌ى بیه‌وێت به‌ده‌ستى خۆم ده‌یشۆم.

دواڕۆژ: ئایا هیچ رووداوێكى ناخۆشت به‌سه‌ردا هاتووه‌؟
ئامینه‌ محه‌مه‌د: دوو ساڵ به‌ر له‌ ئێستا گازمان بۆ هاتبوو له‌ شوێنى ئاگره‌كه‌دا چه‌رخیان داگرساند و ته‌نكى گازه‌كه‌ گڕى گرت به‌هۆیه‌وه‌ به‌شێكى جه‌سته‌ى كوڕه‌كه‌م سووتا، له‌ژیاندا ماوه‌ و ته‌ندروستى باشه‌، له‌ ماوه‌ى ئه‌و 30 ساڵه‌دا كه‌ لێره‌ كارده‌كه‌م ناخۆشترین رووداو بووه‌ به‌سه‌رمدا هاتبێت. كاركردن له‌ حه‌مام قورسه‌ و ئازارى زۆره‌، چونكه‌ ئه‌مه‌ كارى پیاوه‌، نه‌ك ژن، قوڕكارى و كووره‌ چاككردنى تێدایه‌ به‌ڵام ناچارین.

دواڕۆژ: به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى شوێنه‌وارى سلێمانى یان لایه‌نه‌ حكومیه‌كانى تر سه‌ردانیان كردوویت بۆ كاروبارى گه‌رماوه‌كه‌؟
ئامینه‌ محه‌مه‌د: شوێنه‌وارى سلێمانى تائێستا نه‌هاتوون بۆ لامان و هیچ قسه‌یه‌كیان له‌گه‌ڵ نه‌كردووین، ساڵانه‌ مۆڵه‌ته‌كه‌ى نوێ ده‌كه‌مه‌وه‌، ته‌نیا لیژنه‌ى پاك و خاوێنى دێت، ئه‌گه‌رنا هیچ به‌رپرسێكى حكومى ناهاتووه‌ بڵێت ئه‌م حه‌مامه‌ كۆنه‌ ئایا چى پێویسته‌ بۆى بكرێت؟ به‌داخه‌وه‌ پشتگوێیان خستووه‌.

دواڕۆژ: جیاوازیى ئێستا و رابردووى گه‌رماوه‌ى موفتى چییه‌؟
ئامینه‌ محه‌مه‌د: ئه‌وكاته‌ى هاتمه‌ گه‌رماوه‌كه‌ كاشییه‌كه‌ى زۆر كۆن بوو له‌جیاتى شوێنى ته‌شت بۆ خۆشۆردن جوڕنه‌ هه‌بوو كه‌ له‌ چیمه‌نتۆ دروستكرابوون، لیژنه‌ پێیان لابردین، ته‌نیا دوو جوڕنه‌م هێشتووه‌ته‌وه‌ وه‌كو نموونه‌.





  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە