كه‌شناسی لەبارەی بارانبارینەوە ڕوونکردنەوە دەدات

هەواڵ / کوردستان :: 26/11/2018‌ :: 22131‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی
به‌شی پێشبینی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كه‌شناسی و بومه‌له‌رزه‌زانی هه‌رێم رایدەگەیەنێت: ئەمساڵ جیاوازی رێژه‌ی بارانبارین به‌راورد به‌ ساڵی رابردوو دووهێندەیە و به‌پێی ئه‌و جیاوازیه‌ش رێژەیەکی زۆر باران باریوە و پارێزگای دهۆکیش زۆرترین بارانی لێباریوە.


بژار ئه‌كره‌م بەرپرسی به‌شی پێشبینی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كه‌شناسی و بومه‌له‌رزه‌زانی هه‌رێم  به دواڕۆژ راگەیاند: بەراورد بە هه‌مان مانگی ساڵی رابردوو، ئه‌مساڵ له‌زۆربەی ‌شار و شارۆچکەکان و ناوچه‌ شاخاوییەکانی هه‌رێمی کوردستان، دوو هێندە بارانباریوە".

وتیشی: "بارانی ئەمساڵ بەرهەمی دانەوێلە و کشتوکاڵ بە گشتی زیاد و پڕ بەرهەم دەکات، چونکە رێژەی ئاوی پیویست لەکاتی خۆیدا وەرگرتووەو بارانی پێویست باریوە".

لەبارەی رێژەی بارانبارینی ئەمساڵ، بژار ئەکرەم وتی: "ئەگەر بەداتا بیخەینە روو له‌نێوان ئه‌مساڵ و ساڵی رابردوودا تا ئەم کاتە، له‌ شاری دهۆك زۆرترین باران باریوه‌ بە رێژەی 158 ملم زیاتر لە ساڵی رابردوو، پارێزگای هه‌ولێر 123 ملم زیاتر لە ساڵی رابردوو، له‌ كه‌ركوك 116 ملم و له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ 100 ملم و پارێزگای سلێمانی جیاوازییه‌كه‌ ئەمساڵ 61.8 ملم باران زیاتر باریوە به‌راورد بە ساڵی رابردوو.
 
پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure