هه‌ولێر: بۆ یه‌كه‌مجار پۆستێكى باڵا به‌ دادوه‌رێكى ژن ده‌درێت

هەواڵ / کوردستانی :: 26/11/2018‌ :: 900‌ جار بینراوە

تاگ :: داد

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى هه‌رێمى كوردستان بڕیاریدا به‌ دانانى داوه‌رێكى ژن بۆ ئه‌ندامێتى دادگاى تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ى ناوچه‌ى هه‌ولێر، ئه‌مه‌ش یه‌كه‌مین دادوه‌رى ژنه‌ كه‌ ئه‌و پۆسته‌ وه‌ربگرێت.


له‌ نوێترین بڕیاریدا و بۆیه‌كه‌مجار، ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى هه‌رێمى كوردستان بڕیاریدا به‌دانانی دادوەر نیگار ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د، وه‌كو ئه‌ندامى دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی هەولێر.

له‌سه‌ر وه‌رگرتنى ئه‌و پۆسته‌، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 26ى تشرینى دووه‌م، ئه‌نجومه‌نى باڵاى كاروبارى خانمان له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ راگه‌یاندراوێكدا، ده‌ڵێت: "ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی دادوەری بەرز هەڵدەسەنگێنین كە هاوكاتە لەگەڵ چالاكییەكانی هەڵمەتی نیشتمانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و هیوادارین بەو ئاراستەیە لە پاراستنی مافە رەواكانی ژنانی كوردستان بەردەوامبن".

هاوكات كۆسار كه‌ریم، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى باڵاى كاروبارى خانمان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: پێدانى ئه‌و پۆسته‌ باڵایه‌ به‌ ژنێكى دادوه‌ر، نیشانه‌ى بڕوابوونى حكومه‌تى هه‌رێمه‌ به‌ مافه‌كانى ژنان، هه‌روه‌ها ئه‌مه‌ش نیشانی ده‌دات كه‌ ژنانیش هاوشێوه‌ى پیاوان ده‌توانن له‌ ئاست و پێگه‌ى به‌رزدا بن و بڕیار له‌سه‌ر یاساكانى هه‌رێم بده‌ن و یاسا به‌سه‌روه‌رى بكات.

وتیشى: "هیوادارین و داوا له‌ حكومه‌ت و به‌رپرسانى هه‌رێم ده‌كه‌ین، كه‌ دانانى ئه‌و دادوه‌ره‌ یه‌كه‌م و دوا دادوه‌ر نه‌بێت".

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure