عێراق لەنێوان بەرداشی ئەمریكا و ئێراندا

هەواڵ / چاوی تۆ :: 26/11/2018‌ :: 241‌ جار بینراوە
بورهان شێخ رەئوف

بورهان شێخ رەئوف 
وا ناكۆكی و ململانێكانی نێوان هەردوو وڵاتی ئێران و ئەمریكا رۆژ لە دوای رۆژ هەڵكشان بە خۆیەوە دەبینێت، هەر لە كشانەوەی ئەمریكا، لە دوای دەستبەكاربوونی دۆناڵد ترەمپ وەكو سەرۆك، لە رێككەوتنامەی (5+1) ی تایبەت بە بەرنامە ئەتۆمییەكە ی ئێران و دواتر سەرلەنوێ‌ سەپاندنەوەی سزای ئابوریی قۆناغ بە قۆناغ تا لە 5ی ئەم مانگی تشرینی دووەمەدا بەشی دووەمی سزاكان خرایە بواری پراكتیكیەوە. هەرچەندە هەشت وڵات بووراون لەو سزایانە تا ماوەیەكی كورت.


ئەوەی تایبەتە بەم باسە و تایتڵی ئەم وتارە كورتەیشە، رۆڵی عێراق و كاریگەرییەكانی ئەو سزایانەیە لە سەر عێراق كە هەردوو لایەنی ئەو هاوكێشەیە لە هەوڵدان لە بەرژەوەندیی خۆیان بەكاریبهێنن و پێدەچێت خاكی عێراقیش ببێتە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی ئەو قەیرانە قورسە كە تەمەنی 40 ساڵە و هەر لە ساڵی 1979 و دەستبەكاربوونی رژێمی كۆماری ئیسلامیەوە لە ئێران، سەریهەڵداوە و تائێستا درێژەی هەیە .

هەرچەندە تائێستا عێراق لەناو ئەو هەشت وڵاتەدایە كە بووراون لە سزاكان بۆ ماوەی 45 رۆژ ئەویش بەهۆی ئەوەی عێراق پشت بە گازۆیلی ئێرانی دەبەستێت بۆ كارپێكردنی وێستگەكانی كارەبا و جگەلەوە بەشێكی زۆر كارەباش لە ئێرانەوە هاوردە دەكات كە ناكرێت وا بە خێرایی و ئاسانی ئەڵتەرناتیفیان بۆ پەیدابكرێت، ئەمریكیەكان رەچاوی ئەوەیان كردووە و لە رابردوودا عەرەبستانی سعوودیە ئامادەنەبوو ئەو پێداویستیانە بۆ عێراق پڕبكاتەوە بەڵام لە ئێستادا ئامادەیی پیشانداوە و ئیتر ئەو بیانووەی عێراقیش دەبڕێت كە ناچارە بەردەوامی بەو پەیوەندییانە بدات.

كاتێك 19/11/2018 وەزیری گەنجینەی ئەمریكا(ستیفن منوشین) پەیوەندییەكی تەلەفونیی لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئەنجامدا، هەرچەند بە درێژی باسی وتوێژەكانیان نەكراوە بە فەرمی، بەڵام سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن كە ئەمریكا خوازیارە عێراق پابەندی تەواوی سزاكان بێت بۆ سەر ئێران و هەروەها عێراقی لەوە ئاگاداركردووەتەوە كە لیستێكی درێژی لایە لەو كەسایەتی و بانك و دامو دەزگا عێراقییانەی لە ژێر چاودێریی وردی ئەمریكادان كە سزاكانی ئەمریكا نەبەزێنن.

عێراق چارەكێكی كارەبای پێویستی رۆژانەی لە رێگای ئێرانەوە دابین دەكات بۆیە عەبدولمەهدی داوای ئەوەی لە وەزیرەكەی ئەمریكا كردووە ئەو ماوەیەیان بۆ درێژبكاتەوە تا ئەڵتەرناتیڤێكی بۆ دەدۆزنەوە بەڵام وەزیرەكە وەڵامێكی راستەوخۆی نەداوەتەوە.

عێراق ئێستا لە نێوان فشارێكی دووسەرەدایە، ئەمریكیەكان دەخوازن عێراق تەواو پابەندبێت بە سزاكانەوە و ئێرانیش دەخوازێت عێراق دەروازەیەك بێت بۆی بۆ دەربازبوون لەو سزایانە لە رێگەی ئەو دۆستایەتی و پەیوەندییانەی كە لەگەڵ زۆر رەوت و لایەنی سەر گۆڕەپانی عێراق هەیەتی لە هەموو پێكهاتەكانی.

هەرچەندە عادل عەبدولمەهدی وتی ئێمە نابینە بەشێك لە دوژمنكاریی هیچ وڵاتێك بۆ سەر وڵاتێكی دی و ئاماژەی بەو هەوڵ و كۆششانەدا كەبۆ روونكرنەوە و راگەیاندنی هەڵوێستی عێراق لەم كێشە و ململانێیانە داویانە چ لەگەڵ لایەنی ئەمریكی و چ لایەنی ئێرانی، پێیان راگەیاندوون كە ئەمان پارێزگاریی لە خاك و بەرژەوەندیی گەلی عێراق دەكەن و زیان و ئازار بەكەس ناگەیەنن, ئەمەش لە سەردانەكەی سەرۆك كۆماری عێراق بۆ ئێران بە راشكاوی باسكراوە و یەكێك لە بەندە سەرەكیەكانی سەر خشتەی كار و كۆبوونەوەكانی بووە بە هامەهەنگی لەگەڵ سەرۆك وەزیراندا پلانی بۆ دانراوە.

لە كۆتاییدا ئەوەی ئەمریكیەكان كاری بۆ دەكەن توندكرن و جێبەجێكردنی سزاكانە. لە دوا گۆڕانكاریشدا باڵیۆزێكی نوێ‌ دەستنیشانكرا بۆ عێراق ئەویش ماسیۆ تولەر-ە كە پێشتر لە یەمەن بووە و یەكێكە لە هەڵۆ توندڕەوەكانی ئیدارەی ئەمریكا و زۆر توندە بەرامبەر بە ئێران و رەخنەی ئەوە لە ستاڤی پێشووتری وڵاتەكەی لە عێراق دەگرێت، كە لاواز بوون بەرامبەر بە ئێران.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure