ئایا کاتی سەردانەکەی کاک مه‌سعود گونجاو بوو و دەرئەنجامەکەی چی دەبێت؟

هەواڵ / چاوی تۆ :: 25/11/2018‌ :: 284‌ جار بینراوە

رێبوار محه‌مه‌د                                       
بەڕێز کاک مه‌سعود بارزانی لەسەردانێکیدا بۆ بەغدا لە دوای نزیکەی دوو ساڵ، مشتومڕی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و شیکردنەوەی زۆری بۆ کرا و چەندین ئامانج ئاماژەی پێکرا، بەڵام من نامەوێت تیشک بخەمە سەر هەموو ئامانجەکان، ئەوەی بەلای منەوە گرنگ و مەترسیدارە بۆ ئایندەی هەرێمی کوردستان دەمەوێت تیشک بخەمەسەری و هیوادارم  وانەبێت.     

لەکاتێکدا بەڕێز کاک مه‌سعود سەردانی بەغدا دەکات رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و ئێران و عێراق و هەرێمەکەی خۆیشمان بە دۆخێکی ئاڵۆز و مەترسیداردا تێدەپەڕێت و هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ سەپاندنی ئامانجەکانیەتی بەسەر ئێراندا، لەم نێوەندەدا عێراق و کوردستان بەشێکن لە ئامرازی دەستی ئەمەریکا دژی ئێران كه‌ تادێت گوشارەکان توندتر دەبن و گۆڕانکاریی سیاسی و ئابورسی بەڕێوەیە.             

حکومەتی عێراق لەململانێیەکی توندایە بۆ تەواوکردنی کابینە وەزاریەکەی و ململانێی ئێران و ئەمەریکا کاریگەریی کردۆتە سەری بەوەی کە بەرەی ئەمریکا ناهێڵن ئامانجەکانی بەرەی ئێران بێنەدی بەتایبەت دانانی وەزیری ناوخۆ، ئەمە ئەوەندەی تر دۆخەکەی ئاڵۆز کردووە. لەئەنجامی ئەم ململانێیە واچاوەڕوان دەکرێت هاوپەیمانێتیەکانی ئێستا گۆڕانکارییان بەسەردابێت، بەتایبەت بەرەی نزیک لە ئێران جیابوونەوەی تیا دروستبێت بەوەی به‌شێک لە شیعەکانی هاوپەیمانی بنیاتنانی هادی عامری دووردەکەونەوە و هەروەها سوننەکانی نزیک لە عامرى-یش بەنیازن جیابنەوە، لەم نێوەندەدا هادی عامری هەڕه‌شەی لێسەندنەوەی ئەو پۆستانە دەکات کە دراون بەسوننەکان وەکو سەرۆکی پەرلەمان و وەزارەتەکان.    


بەپێی زانیارییەکان ئەمریکا بەنیازە هادی عامری تەنها وەک سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر بهێڵێتەوە. لەئەنجامی گەمارۆکان ئێرانیش ناتوانێت هاوکاریی مادیی دۆستەکانی بکات.  

لەلایەکی ترەوە بەرەی قەتەری-تورکی لەگەڵ سوننەکان و لەگەڵ ئەمەریکا بەنیازن رێکبکەون. هەروەها گوشارەکانی ئەمەریکا لەسەر عێراق هێندە جدیین کە هەمووی لەسەر کات وەستاوە، ئەگەرعێراق نەچێتە ژێرباری داواکارییەکانی ئەمەریکا ئەوا سزای ئابوری کەمەرشکێن دەخاتە سەری و ئەمەریکا گرەو لەسەر نەوتی عێراق و کوردستان دەکات بۆ پاراستنی هاوسەنگیی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا.                                       

لەم ساتە مەترسیدار و پڕ لەکێشەدا بەڕێز کاک مه‌سعود سەردانی بەغدای کردووە و بەپێی ئەوەی رۆژنامەی لەندەنی عەرەبی بڵاوی کردۆتەوە  کە کاک مه‌سعود بەنیازە لەگەڵ لیستە زەرەرمەندەکان (کە رۆژنامەکە بە لیستی زەرەرمەندەکان ناوی هێناون)  کاک مه‌سعود دەیەوێت لیستێکی نوێ دروست بکات لەگەڵ نوری مالکی و هادی عامری و هەروەها حەیدەر عەبادی، کە ئەمانە خۆیان بە زەرەرمەندی گەورە دەزانن لە حکومەتی نوێی عێراق و دەیانەوێت بەم هاوپەیمانێیەتیە نوێیە (بە بۆچوونی نووسەری بابەتەکە) دوو ئامانجیان هەیە، ئامانجی یەکەم: ئەگەر عادل عه‌بدولمەهدی وازیهێنا دەستکەوتی باش بەدەستبهێنن. ئامانجی دووەم: بێجگە لە عەبادی بۆ بەهێزکردنی بەرەی ئێرانە و کەمکردنەوەی گەمارۆکانە لەسەر ئێران.                                         


ماوەتەوە بڵێین، ئەم سەردانە لەمکاتە ئاڵۆزەدا زیاتر دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات و ئەوەی دەمێنێتەوە، ئەگەر ئەم هەواڵە ڕاست بێت و پارتی دیموکرات بچێتە بەرەیەکی ئاوا ئاڵۆزەوە، جگە لە کارەسات و ماڵوێرانییەکی تر هیچ خێروبێرێکی بۆ کورد نابێت کە ئەمەریکا بەسەرمان دێنێت. 

 کورد لە باشوری کوردستان ناتوانێت هیچ معادلەیەک بەلایەنگیری بگۆڕێت بۆ بەرژەوەندیی خۆی چونکە ئێمە ئەو هێز و توانایه‌مان نییە رووبەڕووی هیچ گوشارێک ببینەوە و دەبێت فەرمان جێبەجێبکەین نەک بە ئارەزووی خۆمان لایەنگیریی بکەین. 

رێگا راستەکە ئەوەیە ئێمە پێش هەموو شتێک بەرژەوەندیی باڵای نەتەوە و نیشتمانی خۆمان لەبەرچاوبگرین و لەسەر ئەو بنەمایه‌ کار بکەین و ڕێز لە هەردوو دەوڵەتی ئەمریکا و ئێران بگرین و بتوانین  کارێک بکەین نەکەوینە سەنگەری دژایەتی هیچ لایەکیان و هەردوو وڵات تێبگەیەنین کە ئێمە توانای دژایەتی هیچ لایەکمان نییە چونکە هەردوولا گرنگن بۆ ئێمە. 

جارێکی تر دەڵێم هیوادارم ئەو هەواڵە دووربێت لەڕاستییەوە و کاک مه‌سعود کاری وانەکات چونکە کارەسات و ماڵوێرانی بەدواوەیە.




  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure