دواى سزاكانى ئێران ئابووریی عێراق روو له‌ توركیا ده‌كات

هەواڵ / ئابوری :: 25/11/2018‌ :: 247‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
دواى سه‌پاندنه‌وه‌ى سزا ئابوورییه‌كان به‌سه‌ر ئێراندا له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌، قورسبوونى ئاڵۆگۆڕى بازرگانى له‌ نێوان تاران و به‌غدا، عێراق وه‌ك جێگره‌وه‌یه‌ك روو له‌ بازاڕه‌كانى توركیا ده‌كات بۆ دابینكردنى پێداویستییه‌كانى.

به‌پێى ئاماره‌كانى وه‌زاره‌تى بازرگانى و ده‌سته‌ى ئامارى توركیا،  به‌هۆى به‌هێزیى به‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسى و رۆشنبیرى و بازرگانى و ئابورییه‌كانى نێوان هه‌ردوو وڵات، په‌یوه‌ندى بازرگانى نێوان ئه‌نكه‌ره‌ و به‌غدا روو له‌زیادبوونه‌.

ئاماره‌كان ده‌ریانخستووه‌ ساڵى  2011 له‌دواى ئه‌ڵمانیا، عێراق له‌ پله‌ى دووه‌مدا بووه‌ بۆ بازرگانیكردن له‌گه‌ڵ توركیا به‌هاى هەنارده‌ى كاڵا و شمه‌ك بۆ عێراق ساڵى 2013 گه‌یشتوه‌ته‌ 12 میار دۆلار.

له‌ ئاماره‌كاندا هاتووه‌، ساڵى 2003  به‌هاى هه‌نارده‌ى توركیا بۆ عێراق 78 ملیۆن دۆلار بووه‌، به‌ڵام ساڵى 2017 به‌رزبوه‌ته‌وه‌ بۆ 10 ملیار دۆلار، هاوكات به‌هاى هاورده‌ى توركیا له‌ عێراق ملیارێك و 500 ملیۆن دۆلار بووه‌.

له‌ دواى ساڵى 2003 به‌دواوه‌ كۆمپانیاکانى توركیا به‌شێوه‌یه‌كى به‌رچاو روو له‌ زیادبوونن و به‌سه‌دان پرۆژه‌ى جۆراوجۆریان له‌شاره‌کانى عێراق جێبه‌جێ كردوه‌.

به‌پێى ئاماره‌كان كۆمپانیا توركییه‌كان له‌ 10 ساڵدا 640 پرۆژه‌ى جۆراوجۆریان له‌بواره‌كانى ژێرخانى ئابوورى و نیشتەجێبوون جێبه‌جێكردوه‌، كه‌ به‌هاكه‌ى زیاتر له‌ 13 ملیار دۆلار بووه‌.

ئێستا حكومه‌تى توركیا له‌ دواى سزاكان چاوى له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سوود له‌سه‌پاندنى سزاكانى سه‌ر ئێران ببینێت و ئه‌و بۆشاییه‌ پڕ بكاته‌وه‌ و جگه‌ له‌وه‌ى هه‌نارده‌ى كاڵاوشمه‌ك بۆ عێراق زیاد بكات، كۆمپانیاكانى هان ده‌دات له‌ عێراق كار بكه‌ن، به‌شدارى كارایان هه‌بێت بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى ناوچه‌ ئازادكراوه‌كانى ژێرده‌ستى داعش به‌ تایبه‌تى شارى موسڵ و ئه‌نبار.

هاوكات حكومه‌تى عێراق ده‌یه‌وێت كارى بازرگانى له‌گه‌ڵ تورکیا زیاد بكات و له‌ هه‌وڵدایه‌ ده‌روازەیه‌كى دیكه‌ بۆ بازرگانى له‌گه‌ڵ توركیا بكاته‌وه‌، ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى هه‌نارده‌ى نه‌وتى كه‌ركوكیش له‌ڕێگه‌ى به‌نده‌رى جه‌یهان بۆ توركیا، ئاسۆیه‌ك بۆ په‌یوندییه‌كانى نێوان ئه‌نكه‌ره‌ و به‌غدا ده‌كاته‌وه‌.

ئاماده‌كردنى: سیروان محه‌مه‌د

پێداچوونەوە/ ئارام غەفور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە