هۆكارى دابه‌شنه‌كردنی پاره‌ی كارمه‌ندانی كۆمسیۆن ئاشكرا ده‌كرێت

هەواڵ / کوردستان :: 24/11/2018‌ :: 4458‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
به‌ڕێوه‌به‌ری ئۆفیسی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت: تائێستا پاره‌ی كارمه‌ندانی كۆمسیۆن له‌ هه‌رێمی كوردستان دابه‌شنه‌كراوه‌، ده‌ڵێت: "هه‌ر كاتێك پاره‌كه‌مان به‌ده‌ستگه‌یشت له‌ رێگه‌ی راگه‌یاندانه‌كانه‌وه‌ چۆنیه‌تی دابه‌شكردنه‌كه‌ی ده‌خه‌ینه‌ڕوو". 

عەلی قادر، بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: تائێستا پارەی كارمه‌ندانی كۆمسیۆن نەگەیشتۆته‌ بانكه‌كانی هه‌رێم، هەركاتێك پارەكە بگات له‌ رێگه‌ی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی چۆنیه‌تی دابەشكردنه‌كه‌ی ئاشكرا ده‌كه‌ن.

وتیشی: "گه‌ر پاره‌كه‌ بگاته‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ رێگه‌ی 22 بانكه‌وه‌ به‌سه‌ر كارمه‌ندانی كۆمسیۆن دابه‌شده‌كرێت، بۆ ئه‌وه‌ی به‌بێ كێشه‌ و به‌ زووترینكات دابه‌ش بكرێت كه‌ ئه‌ویش له‌ رێگه‌ی كۆدێكی بانكییه‌وه‌ ده‌بێت كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ كارمه‌نده‌كه‌".

له‌ باره‌ی هۆكاری دواكه‌وتنی دابه‌شكردنی پاره‌كه‌ش ناوبراو وتی: "پاره‌كه‌ ئاماده‌یه‌، به‌ڵام هه‌ندێك رێككاری ماوه‌ له‌ دوای ته‌واوبوونی رێككاره‌كان پاره‌كه‌ ده‌گاته‌ بانكه‌كانی هه‌رێم".

ئه‌گه‌رچی له‌ هه‌فته‌ی رابردوو كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق دابه‌شكردنی پاره‌ی كارمه‌ندانی هه‌ڵبژاردنی رۆژی 12ی ئایاری ئه‌مساڵی ده‌ستپێكرد، به‌ڵام تائێستا له‌ هه‌رێمی كوردستان پاره‌كه‌ دابه‌شنه‌كراوه‌.
 
پێداچوونه‌وه‌: سیروان محه‌مه‌د



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure