له‌ ناوچه‌یه‌كى كوردستان لافاو دروستبووه‌ و تیمه‌كان له‌ حاڵه‌تى ئاماده‌باشیدان

هەواڵ / کوردستان :: 24/11/2018‌ :: 1888‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 
به‌هۆى بارانى به‌خوڕو لێزمه‌، له‌ ئێواره‌ى ئه‌مڕۆوه‌ له‌ سنوورى مه‌نده‌لى و چه‌ند ناوچه‌یه‌كى ده‌وروبه‌رى لافاو دروستبووه‌ و به‌هۆى ترس له‌ زیادتربوونى لافاو تیمه‌ فریاگوزارییه‌كان له‌ حاڵه‌تى ئاماده‌باشیدان. 


ئازاد شه‌فى، سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى شاره‌وانى مه‌نده‌لى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 24ى تشرینى دووه‌مى 2018 به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: له‌به‌ر ئه‌وه‌ى مه‌نده‌لى تاڕاده‌یه‌ك له‌ ناوچه‌كانى ده‌وروبه‌رى نزمتره‌، باران بارینى زۆر ده‌بێته‌ هۆى دروستبوونى لافاو و حاڵى حازر به‌هۆى بارانه‌ به‌خوڕه‌كه‌ى ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ، لافاو له‌ ناوچه‌كه‌ دروستبووه‌. 

وتیشى: "تیمه‌كانیان و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان خراونه‌ته‌ حاڵه‌تى ئاماده‌باشیه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ ئه‌گه‌رى زیادبوونى لافاوه‌كه‌ رێگه‌ له‌ رووداوى نه‌خوازراو بگرن". 

له‌ ئێواره‌ى ئه‌مڕۆوه‌ بارانێكى به‌خوڕ سنوورى خانه‌قین و دیاله‌ و گه‌رمیان و چه‌ندین ناوچه‌ى دیكه‌ى گرتووه‌ته‌وه‌ و بارانه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌. 

غالب عه‌تیه‌، وته‌بێژى پۆلیسى دیاله‌ به‌ دواڕۆژى وت: له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كى دیاله‌ به‌ تایبه‌تى له‌ مه‌نده‌لى و قه‌زانییه‌ لافاو دروستبووه‌وه‌ و به‌هۆیه‌شه‌وه‌ ته‌واوى تیمه‌كانیان خستوه‌ته‌ حاڵه‌تى ئاماده‌باشیه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن هاوكارى هاووڵاتیان بكه‌ن له‌ ئه‌گه‌رى هه‌ر رووداوێك به‌هۆى لافاوه‌وه‌ بكه‌وێته‌وه‌.

دوو هه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ر لافاوێكى گه‌وره‌ ناوچه‌كه‌ى گرته‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ رێگاى سه‌ره‌كى خانه‌قین بۆ مه‌نده‌لى بڕى و ژماره‌یه‌ك گوند زیانیان به‌ركه‌وت و له‌ ئێستاشدا هاووڵاتیان ترسیان له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ى لافاوى گه‌وره‌ هه‌یه‌. 

پێداچوونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure