سه‌رۆكى یه‌كێتى مامۆستایان: پاره‌ى پێویست هه‌بێت جیاوازى مووچه خه‌رجده‌كرێت

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 6201‌ جار بینراوە
ئه‌حمه‌د گه‌رمیانى

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
له‌ دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ دواڕۆژدا، ئه‌حمه‌د گه‌رمیانى سه‌رۆكى یه‌كێتى مامۆستایانى كوردستان له‌باره‌ى داواكارى مامۆستایانى گرێبه‌ست بۆ به‌ هه‌میشه‌یكردنیان ده‌ڵێت: "ئه‌وانه‌ى خزمه‌تیان له‌ سه‌رووى سێ ساڵه‌وه‌یه‌ چانسى به‌هه‌میشه‌یكردنیان زیاتره‌" ئاماژه‌شده‌دات: له‌ دروستكردنى یه‌كه‌ى نیشته‌جێبوون بۆ مامۆستایان، حكومه‌تى هه‌رێم جیاوازى له‌نێوان پارێزگاكاندا ده‌كات.

دواڕۆژ: مامۆستایانى گرێبه‌ست ئه‌وانه‌ى زیاتر له‌ سێ ساڵه‌ خزمه‌تیان هه‌یه‌ داواده‌كه‌ن بكرێنه‌ هه‌میشه‌یى، ئایا ده‌كرێنه‌ هه‌میشه‌یى؟ یه‌كێتى مامۆستایان پشگیرى داواكه‌یان ده‌كات؟
ئه‌حمه‌د گه‌رمیانى:
له‌و قه‌یرانه‌ى داراییه‌دا زۆرترین غه‌در له‌ مامۆستایانى گرێبه‌ست كراوه‌ به‌حكومى ئه‌وه‌ى مووچه‌كانیان وه‌كو پێویست پێنه‌دراوه‌ و پاشه‌كه‌وتى لێكراوه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئێستا پاشه‌كه‌وتیان بۆ كه‌مكراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هێشتا وه‌كو پێویست نییه‌ بۆیه‌ كاتى ئه‌وه‌ هاتووه‌ بكرێنه‌ هه‌میشه‌یى، چونكه‌ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ پێویست پێیانه‌ و رێنمایى هه‌یه‌ بۆ دامه‌زراندنیان.
له‌ دانیشتنێكماندا له‌گه‌ڵ وه‌زیرى دارایى زۆر به‌ روونى باسیكرد كه‌ چاوه‌ڕێى بودجه‌ى 2019ى هه‌رێم ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ى بكرێنه‌ هه‌میشه‌یى، بۆیه‌ ئه‌وانه‌ى خزمه‌تیان له‌ سه‌رووى سێ ساڵه‌وه‌یه‌ چانسى به‌هه‌میشه‌یكردنى زیاتره‌، چونكه‌ بارودۆخى دارایى هه‌رێم به‌ره‌و باشتر ده‌ڕوات.

دواڕۆژ: به‌شێكى زۆر له‌ مامۆستایانى هه‌ولێر و سلێمانى جیاوازى مووچه‌یان پێنه‌دراوه‌، فشارى یه‌كێتى مامۆستایان بۆ خه‌رجكردنى ئه‌و پاره‌یه‌ به‌كوێ گه‌یشت؟
ئه‌حمه‌د گه‌رمیانى:
به‌فشاری یه‌كێتى مامۆستایان توندراوه‌ رێنمایى ده‌ربچێت بۆ خه‌رجكردنى جیاوازى مووچه‌ى مامۆستایان، خۆشبه‌ختانه‌ رێنماییه‌كه‌ هه‌ڵنه‌وه‌شاوه‌ته‌وه‌ و به‌ڵێندراوه‌ كه‌ پاره‌ى پێویست هه‌بێت، جیاوازى مووچه‌كه‌ به‌ مامۆستایان بدرێت.

دواڕۆژ: له‌ دهۆك 40 دۆنم زه‌وى یه‌كێتى مامۆستایان ده‌ستبه‌سه‌رداگیراوه‌، له‌كاتێكدا ئه‌و زه‌وییه‌ بۆ دروستكردنى یه‌كه‌ى نیشته‌جێبوونى مامۆستایان دراوه‌، بۆچى ئه‌و زه‌وییه‌ ده‌ستیبه‌سه‌رداگیراوه‌؟
ئه‌حمه‌د گه‌رمیانى:
ئێمه‌ ئاگادارنین كه‌ زه‌وییه‌كه‌ ده‌ستیبه‌سه‌رداگیرابێت، پێشتر به‌فه‌رمانى ره‌سمى ده‌بوو له‌ هه‌رسێ پارێزگاى هه‌ولێر و دهۆك و سلێمانى هه‌زار یه‌كه‌ى نیشته‌جێبوون بۆ مامۆستایانى هه‌ر پارێزگایه‌ك دروستبكرێت، ئه‌وه‌ى هه‌ولێر دروستكراو ئه‌وه‌ى سلێمانى زیاتر له‌ هه‌زار و 800 یه‌كه‌ به‌شێوازى شوقه‌ دروستده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ى دهۆك كه‌ ده‌بوو هه‌زار و 500 یه‌كه‌ دروستبكرێت به‌ بڕیارى حكومه‌ت راگیراوه‌، به‌داخه‌وه‌ حكومه‌تى هه‌رێم جیاوازى ده‌كات له‌ نێوان پارێزگاكان، چونكه‌ هه‌رچه‌نده‌ له‌ دهۆك ره‌زامه‌ندیداوه‌ یه‌كه‌ بۆ مامۆستایان دروستبكرێت، كه‌چى خۆى رایگرتووه‌، هه‌روه‌ها ئێمه‌ ره‌زامه‌ندیماندا تا كۆمپانیایه‌ى كه‌ پێشتر پڕۆژه‌كه‌ى بۆ ده‌رچووه‌ بگۆڕدرێت.

دواڕۆژ: سێ ساڵه‌ یه‌كێتى مامۆستایان كۆنگره‌ى نه‌به‌ستووه‌، هۆكارى دواكه‌وتنى كۆنگره‌كه‌ چییه‌ و كه‌ى ئه‌نجامده‌رێت؟ 
ئه‌حمه‌د گه‌رمیانى:
به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه‌ كۆنگره‌ى یه‌كێتى مامۆستایان دواكه‌وتووه‌، ده‌بوو له‌ 2015 یاخود 2016 كۆنگره‌كه‌ بكرێت، به‌ڵام كه‌ نه‌كراوه‌ وه‌كو لیستى كوردستان شه‌ش مانگ جارێك سه‌رۆكایه‌تى یه‌كێتى مامۆستایان ده‌كه‌ین، هه‌روه‌ها چاوه‌ڕێى ده‌كه‌ین بارودۆخى دارایى هه‌رێم باشبێت تاوه‌كو بڕێك پاره‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ دابینبكرێت، هه‌روه‌ها شه‌ڕى داعش و بارودۆخى سیاسى باشنه‌بووه‌ بۆیه‌ كۆنگره‌كه‌ نه‌كراوه‌. 

دواڕۆژ: بارودۆخى دارایى و سیاسى حكومه‌ت و شه‌ڕى داعش چ په‌یوه‌ندییه‌كى به‌ كۆنگره‌ى یه‌كێتى مامۆستایانه‌وه‌ هه‌یه‌؟ 
ئه‌حمه‌د گه‌رمیانى:
بۆ زۆربه‌ى كۆنگره‌ى رێكخراوه‌كان حكومه‌ت پاره‌یان پێده‌دات، هاوكات له‌ دواین هه‌ڵبژاردنى یه‌كێتى مامۆستایان زیاتر له‌ 100 هه‌زار مامۆستا به‌شداریانكرد، ئه‌و ژماره‌یه‌ زۆربه‌یان سه‌ر به‌لایه‌نی سیاسى كه‌ بارودۆخى سیاسى هه‌رێم و نێوان حزبه‌كان خراپ بوو، ئه‌مه‌ وایكرد نه‌توانین كۆنگره‌ ببه‌ستین، چونكه‌ كێشه‌كه‌ دروستده‌بوو، به‌ڵام ئێستا به‌پێى بڕیارى مه‌كته‌بى ته‌نفیزى یه‌كێتى مامۆستایان له‌ نیسانى 2019 كۆنگره‌كه‌ ده‌كه‌ین.

دواڕۆژ: مامۆستایانى ناڕازى ده‌ڵێن به‌هۆى نه‌بوونى هه‌ڵوێستى رێكخراوه‌كه‌تان له‌سه‌ر پرسه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كان و بارودۆخى خراپى مامۆستایان، ده‌یانه‌وێت رێكخراوێكى هاوشێوه‌ى یه‌كێتى مامۆستایان دروستبكه‌ن، هه‌ڵوێستى ئێوه‌ چییه‌؟ 
ئه‌حمه‌د گه‌رمیانى:
جگه‌ له‌ ئێمه‌، یاسا رێگه‌نادات رێكخراوێكى هاوشێوه‌ى یه‌كێتى مامۆستایان دروستبكرێت، چونكه‌ به‌پێى یاسا یه‌كێتى مامۆستایان نوێنه‌رى مامۆستایانه‌ له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ى كوردستان. 
زۆر خه‌ڵك خۆیان تاقیكرده‌وه‌ و سوارى شه‌پۆلى ناڕه‌زایى خه‌ڵك ده‌بن بۆ ئه‌وه‌ى خۆیان ده‌ربخه‌ن و ئه‌وانه‌شى ده‌یانه‌وێت كارى وابكه‌ن ده‌یانه‌وێت خۆیان كاندیدبكه‌ن و به‌ده‌نگى مامۆستایان بچنه‌ په‌رله‌مان، دواتر ئێمه‌ فشار و هه‌ڵوێستى جددیانه‌مان هه‌بووه‌ و حكومه‌تیش به‌ خۆپیشاندان مووچه‌ى مامۆستایان چاك ناكات.

دواڕۆژ: هه‌ردوو وانه‌ى بیركارى و زانست كه‌ به‌ زمانى ئینگلیزى ده‌وترێته‌وه‌ رووبه‌ڕووى ره‌خنه‌ى زۆر بۆته‌وه‌ و داواده‌كرێت ئه‌و سیسته‌مه‌ هه‌ڵوه‌شێندرێته‌وه‌، تێبینى ئێوه‌ چییه‌؟ 
ئه‌حمه‌د گه‌رمیانى:
به‌ ئینگلیزیكردنى هه‌ردوو وانه‌كه‌ زۆرباشه‌، له‌و خوێندنگایانه‌ى ده‌ستپێكراوه‌ له‌ ساڵى یه‌كه‌م و دووه‌م سه‌ركه‌وتوو بوون و زۆریش خه‌ڵك واسته‌یان ده‌كرد تاوه‌كو منداڵه‌كانیان له‌و خوێندنگایانه‌ وه‌ربگرێن، به‌ڵام به‌هۆى به‌ساڵاچوونى مامۆستایانى ئه‌و وانه‌كانیان ده‌وته‌وه‌، هه‌روه‌ها خول بۆ مامۆستایانه‌ نه‌كراوه‌ته‌وه‌ وایكردووه‌ خه‌ڵك منداڵه‌كانیان له‌و خوێندنگایانه‌ ده‌ربهێنن كه‌ به‌ ئینگلیزى كراون، ئه‌مه‌ش به‌شێكى كه‌مته‌رخه‌مییه‌كه‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تى دارایى كه‌ ئاماده‌نییه‌ پاره‌ خه‌رج بكات ئه‌وه‌ى خول بۆ مامۆستایان بكرێته‌وه‌.

دواڕۆژ: له‌ وه‌رزى دووه‌م پشووى رۆژانى شه‌ممه‌ بۆ مامۆستایان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟
ئه‌حمه‌د گه‌رمیانى:
پشووى رۆژانى شه‌ممه‌ پڕۆژه‌ی ئێمه‌ بووه‌، به‌ڵام به‌بێ پرسى ئێمه‌ حكومه‌تى هه‌رێم ئه‌و پشووه‌ى هه‌ڵوه‌شاندۆته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و رۆژه‌ له‌ حكومه‌تى عێراق پشووه‌ و هیچ كێشه‌یه‌كیش دروستنه‌بووه‌ و مه‌نهه‌ج ته‌واو ده‌كرێت، ئێمه‌ پێشنیارده‌كه‌ین له‌و خوێندنگایانه‌ى یه‌ك ده‌وامى تیاده‌كرێت پشووه‌كه‌ بیانگرێته‌وه‌، چونكه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى پشوو یارمه‌تییه‌ بۆ خوێندكاران و مامۆستایان، به‌ڵام تائێستا بڕیارنییه‌ پشووه‌كه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌.

دواڕۆژ: ره‌خنه‌ له‌ كوالێتى و شێوازى خوێندنى ئه‌هلى ده‌گیرێت، یه‌كێتى مامۆستایان قسه‌ى له‌سه‌ر خوێندنى ئه‌هلى چییه‌، لێى رازین؟
ئه‌حمه‌د گه‌رمیانى:
به‌شێكیان زۆرباشن، به‌ڵام به‌شێكى دیكه‌یان بینایان كۆنه‌ و شێوازى ئیشیان زۆر كۆنه‌ و وه‌كو پێویستن نین، خۆشبه‌ختانه‌ مۆڵه‌ت به‌ هه‌ندێكیان نه‌دراوه‌.

پێداچوونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure