زانکۆی سلێمانی لە زانکۆ ترسێنەرەکەوە بۆ زانکۆ لایف کۆنسێرتەکە

هەواڵ / چاوی تۆ :: 24/11/2018‌ :: 584‌ جار بینراوە

مژدە شێخ سه‌ڵاح
بە پێی رێزبەندیی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کە راگەیندراوە، زانکۆی سلێمانی بە سەرجەم پێوەرەکانی وەزارەت لە خواری خوارەوەی زانکۆ حوکمیەکانە.
جێی خۆیەتی سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی و راگرایەتی کۆلێژەکان، پرسیارێکی رەخنەییانە لەخۆیان بکەن لە هەمبەر ئاستی زانکۆى سلێمانی و بەشەکان كه‌ بۆچی گەشتووە بەم ئاستە؟ لەکاتێکدا زانکۆیەکی وەک سلێمانی لە سەردەمی رژێمی پێشوودا لەبەر چالاکیی و هۆشیاریی خوێندکارانی، بە ترسانکترین زانکۆ بۆ سەر دەسەڵاتی خۆیان هەژماریان دەکرد و لە رووی زانستی و ئاستی ئەکادیمیی خوێندکارانیشی زۆر لە ئێستا لەپێشتر بوو.

بەڵام دەبینین لەئێستادا جگە لەوەی بووەتە بنکەیەکی نمایشی جلوبەرگ، خاڵێکی نەرێنیی گەورەتر بووەتە مەڵۆزم-ی ئەم زانکۆیە ئەویش هۆگریبوونی خوێندکاریەتی بە لایف کۆنسێرتەکانی ئەم شارەوه‌.

 لە رووی زانسییتشەوە حاڵی ئەم زانکۆیە پڕ لە کارەساتە، بە شێوەیەک خوێندکار تا دواقۆناغەکانی خوێندنی لەم زانکۆیە سەرجەم وانە پراکتیەکانی بە شێوازی تێوری وەڵام دەداتەوە کاتێکیش کە زانکۆ تەواو دەکات بچووکترین شارەزایی و کارامەیی لە بوارەکەی خۆیی نییە. دڵنیایشم لەوەی زانکۆی سلێمانی یەکێکە لەو زانکۆیانەی زیاترین داهاتی پاراڵێڵ و کافتریای هەیە.

بۆئەوەی لەم بارە لارە پڕ لە شەرمه‌زاریە دەرچین، تەنیا پێویستمان بە دەستێکی پاک و کارێکی چاک هەیە، پێوستمانە سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی و خوێندکارانی زانکۆ، پێداچوونەوەی جدیی بە ئاستی خۆیاندا بکەن تاکو نەبێتە هۆی شەرمەزاریی لە سەر ئاستی کوردستان .

*خوێندکاری کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی سلێمانی





created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure