دوو رۆژی بارزانی لە بەغدا

هەواڵ / کوردستان :: 23/11/2018‌ :: 600‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی پارتی کوردستان، ماوەی دوو رۆژە بەسەردانێک لە شاری بەغدای پایتەختی عێراقەو لەو ماوەیەدا چەندین دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی سیاسی و حکومی عێراق ئەنجامداوە.


دوێنێ پێنجشەممە، بارزانی دوای گەیشتنی بە بەغدا لەلایەن محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێشوازی لێکراو دواتر لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆکی حکومەتی فیدراڵی کۆبوویەوە.

هەر لەو سەردانەیدا، سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هادی عامری سەرۆکی ئیئتلافی فەتح و نوری مالکی سەرۆکی ئیئتلافی دەوڵەتی یاسا کۆبوویەوە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینیش، مەسعود بارزانی لە شوێنی مانەوەی خۆی پێشوازی لە حەسەن عەلەوی بیرمەند و سیاسەتمەداری عێراقی و ئەرشەد ساڵحی سەرۆکی بەرەی تورکمانی کرد.

لە رۆژی دووەمی سەردانەکەیدا، بارزانی لەگەڵ هەریەک لە حەیدەر عەبادی سەرۆکی پێشووی حکومەت و عەمار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمە و ساڵح موتڵەک سەرۆکی بەرەی حیواری وەتەنی کۆبوویەوە و دواتر سەردانی شاری نەجەفی کرد و لەگەڵ موقتەدا سەدر سەرۆکی رێبەری رەوتی سەدر كۆبوویەوە.

بارزانی پێشتر رایگەیاندبوو: سەردانەکەی بۆ بەغدا، پەیامێکە بۆ ناوەوەو دەرەوەی عێراق بەوەی ئامادەن بۆ کردنەوەی پەڕەیەکی نوێ لە عێراق و بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ دروستکردنی متمانە لەنێوان لایەنەکدا و راستکردنەوەی ئەو هەڵانەی کە لە رابردوودا روویدا. دەشڵێت: "بە یارمەتی هەموو لایەک دەتوانین بەربەستەکان تێپەڕێنین و پەیوەندییەکی پتەو لەنێوان هەولێر و بەغدا دروستبکەین".

ئامادەکردنی: ن.ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure