بڕە پارەكەی سلێمانی گەیشتە هەڵەبجە و چاوەڕێی هەولێر و دهۆك دەكرێت

هەواڵ / کوردستان :: 23/11/2018‌ :: 441‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید
سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجە ئاماژە بەوەدەكات ئەو بڕی 300 ملیۆن دینارەی كە هەریەكە لە شارەوانییەكانی سلێمانی و هەولێر و دهۆك وەك هاوكاری پێشكەشی شارەوانی هەڵەبجەیان كرد، پارەكەی شارەوانی سلێمانی گەیشتووە و چاوەڕێی هەولێر و دهۆك دەكەن بۆ ئەوەی لە جێبەجێكدنی چەند پرۆژەیەكی خزمەتگوزاریدا خەرجی بكەن.


كوێستان ئەكرەم، سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجە، بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: دوای ئەوەی لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار پێشنیارێك ئاراستەی شارەوانییەكانی سلێمانی و هەولێر و دهۆك كرد بە مەبەستی هاوكاریكردنی شارەوانی هەڵەبجە بە پێدانی بڕێك پارە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی داهاتی شارەوانییەكەمان بەراورد بە شارەوانییەكانی دیكە زۆر كەمە، لە بەرامبەردا شارەوانییەكانی سلێمانی و هەولێر و دهۆك  بەدەم داواكارییەكەمانەوە هاتن و پێشنیارەكەیان قبوڵكرد.

ئاماژەی بەوەشكرد: هەریەكە لە شارەوانییەكانی سلێمانی، هەولێر و دهۆك، بڕیاریاندا هەریەكەیان بە بڕی 100 ملیۆن دینار هاوكاری شارەوانی هەڵەبجە بكەن، بەو جۆرەش بڕی 300 ملیۆن دینار وەك هاوكاری پێشكەشی شارەوانی هەڵەبجەكرا و هاوكارییەكەی شارەوانی سلێمانیمان بەدەست گەیشتووە.

سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجە ئەوەشی خستەڕوو: چاوەڕێی گەیشتنی بڕی 200 ملیۆن دیناری شارەوانییەكانی هەولێر و دهۆك دەكەین بۆ ئەوەی پێكەوە لە جێبەجێكردنی چەند پرۆژەیەكی خزمەتگوزاری لەگەڕەك و كۆڵانەكانی شاری هەڵەبجە خەرجی بكەین، بەتایبەت ئەو گەڕەكانەی كە لەم وەرزەدا پێویستییان بە كۆنكرێت و قیرتاوكردن هەیە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure