بۆ بەشداری لەحكومەت، كۆمەڵ وەڵامی پارتی دەداتەوە

هەواڵ / کوردستان :: 22/11/2018‌ :: 919‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
سەركردەیەكی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان رایدەگەیەنێت: پێویستە سەرەتا پارتی سەردانیان بكەن بۆ پێكهێنانی حكومەت و ئەوانیش قسەی خۆیان دەبێت.


ئەمڕۆ پێنجشەممە لە میانەی سەردانی شاندی پارتی بۆ كۆمیتەی سلێمانی حیزبی شیوعی كوردستان و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، لە وەڵامی پرسیاری دواڕۆژ سەبارەت بەوەی لەناوەندە نافەرمییەكان دەوترێت پارتی پێیباشنییە كۆمەڵی ئیسلامی بەشداری كابینەی نوێ بكات، بۆیە تائێستا سەردانی نەكردوون؟ عارف تەیفور، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی رایگەیاند: ئێمە پێمانباشە هەموو لایەنەكان بەشداری لە حكومەتدا بكەن، بەڵام كۆمەڵ تائیستا هیچ ئیجابییەتێك یان ئامادەییەكی دەرنەبڕیوە بۆ بەشداربوون لە حكومەت، لەبەرئەوە چاوەڕێی رای ئەوان دەكەین".

لە بەرامبەردا سەلیم كۆیی، ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بە دواڕۆژی راگەیاند: كاتێك پارتی موفاتەحەمان دەكات بۆ پێكهێنانی حكومەت، دەبێت بزانین بەرنامەی حكومەت چییە و دەتوانن گۆڕانكاری بكەن؟ چونكە پێموایە حكومەتی ئەمجارە جیاوازە و دەبێت گۆڕانكاری تێدا بكرێت".

كۆیی وتیشی: "بەدڵنیاییەوە دەبێت سەرەتا پارتی سەردانمان بكات بۆ گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەت، دواتر ئێمەش قسەی خۆمان دەكەین".

رۆژی شەممەی رابردوو وەفدێكی پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی شاری سلێمانی كرد و لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان كۆبووەوە بەمەبەستی قسەكردن لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure