قه‌رزى به‌ڵێنده‌ران.. دووباره‌ بەڵێندەران و وەزارەتی دارایی كۆدەبنەوە

هەواڵ / ئابوری :: 22/11/2018‌ :: 685‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عەبدولقەهار
بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پێدانەوەی قەرزی بەڵێندەران لەلایەن حكومەتی هەرێم بڕیارە هەفتەی داهاتوو كۆببنەوە و سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتی بەڵێندەرانیش دەڵێت: گفتوگۆ لەسەر دەرچواندنی رێنمایی نوێ تایبەت بەو بەڵێندەرانەی جوڵەیان بە پارەكانیان (چه‌كه‌كانیان) كردووە دەکرێت.


لە چەند رۆژی رابردوودا وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم 100 ملیۆن دۆلاری تەرخانكرد بۆ دانەوەی بەشێكی قەرزی بەڵێندەران، دوای كۆبوونەوەی بەڵێندەران و وەزارەتی دارایی بڕیاردرا، كە ئەو بڕە پارەیە تەنیا بدرێتەوە بەو بەڵێندەرانەی كە جوڵەیان بە پارەكانیان نەكردووە لە ئەژماری بانكیاندا.

بەپێی گشتاندنی وه‌زاره‌تى دارایی 15% پارەی بەڵێندەران دەدرێتەوە كە جوڵەیان بە پارەكانیان نەكردووە و لە ئێستادا بڕێك لەو 100 ملیۆن دۆلارە دراوەتەوە بەڵێندەران و بەردەوامیشە.

سەبارەت بەو بەڵێندەرانەی كە جوڵەیان بە پارەكانیان كردووە لە ئەژماری بانكیان سەرۆ دزەیی، سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتی بەڵێندەرانی كوردستان بە دواڕۆژی راگەیاند: "هەفتەی داهاتوو لەگەڵ وەزارەتی دارایی لەسەر دەرچوونی رێنمایی نوێ‌ بۆ دابەشكردنی پارەی بەڵێندەران كۆدەبینەوە تایبەت بەو بەڵێندەرانەی كە جوڵەیان بە پارەكانیان كردووە".

بەپێی ئه‌و زانیاریانه‌ى دەست دواڕۆژ كەوتووە، ئەو بەڵێندەرانەی جوڵەیان بە پارەكانیان نەكردووە و وەك قەرز لای حكومەتی هەرێمە بڕى 600 ملیار دینارە و دوای دانەوەی ئەو 100 ملیۆن دۆلاره‌،  پێنج سەد ملیار دینار دەمێنێتەوە.

پێداچوونه‌وه‌: سیروان محه‌مه‌د



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure