سیروان محه‌مه‌د: مه‌ترسى گه‌وره‌ له‌سه‌ر شاره‌گه‌وره‌كان دروست بووه‌

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 1440‌ جار بینراوە
سیروان محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ده‌سته‌ى ئامارى هه‌رێم

دواڕۆژ، سامان قوبادى 
به‌ وته‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ده‌سته‌ى ئامارى هه‌رێمى كوردستان، كۆچى دانیشتوانى لادێ و ناحیه‌كان مه‌ترسى گه‌وره‌ى له‌سه‌ر شاره‌ گه‌وره‌كان دروست كردووه‌. سیروان محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ده‌سته‌ى ئامارى هه‌رێم، له‌ دیدارێكى دواڕۆژدا باس له‌وه‌ده‌كات له‌ ساڵى 2020دا سه‌رژمێریى گشتى دانیشتوانى عێراق ئه‌نجامده‌درێت.


دواڕۆژ: پێویسته‌ چه‌ند ساڵ جارێك سه‌رژمێریى گشتى بكرێت؟ گرنگییه‌كانى كامانه‌ن؟ 
سیروان محه‌مه‌د: به‌پێى ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ى دانرابوو ده‌بوایه‌ 10 ساڵ جارێك سه‌رژمێریى گشتى له‌ عێراق ئه‌نجامبدرایه‌، چونكه‌ گۆڕانكارى دیموگرافى و ئابورى و كۆمه‌ڵایه‌تى و پێشكه‌وتنى بارودۆخ رووده‌دات. له‌ هه‌ر وڵاتێك سه‌رژمێریى له‌كاتى خۆیدا نه‌كرێت، ناتوانرێت به‌رنامه‌ى خوێندن، ته‌ندروستى، گه‌شه‌پێدانى كۆمه‌ڵایه‌تى و ئابورى به‌شێوه‌یه‌كى راست و دروست دیاریى بكرێت. هۆكارى سه‌ره‌كى زۆربه‌ى ئه‌و كێشانه‌ى له‌ هه‌رێمى كوردستاندا هه‌ن ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌نجامنه‌دانى سه‌رژمێریى، ده‌بێت داتاى نوێكراوت هه‌بێت له‌سه‌ر ژماره‌ى دانیشتوان و پێكهاته‌كان، ئه‌م ژماره‌یه‌ له‌سه‌رجه‌م رووه‌كانه‌وه‌ روانگه‌یه‌كى راسته‌وخۆت ده‌داتێ له‌سه‌ر شێوازى كۆمه‌ڵگه‌كه‌ت، دواین سه‌رژمێریى له‌ ساڵى 1987دا كراوه‌، ئێستا كاتى ئه‌وه‌یه‌ بكرێت و دوانه‌خرێت.

دواڕۆژ: هۆكار چییه‌ ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكه‌ سه‌رژمێریى گشتى دانیشتوانى هه‌رێم ئه‌نجام نه‌دراوه‌؟
سیروان محه‌مه‌د: ئه‌نجامدانى به‌سراوه‌ته‌وه‌ به‌ حكومه‌تى ناوه‌نده‌وه‌، دواین هه‌وڵ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ له‌ساڵى 2009دا بوو، به‌ڵام شكستیهێنا، به‌هۆى په‌یوه‌ستكردنى به‌ سیاسه‌ته‌وه‌، ئه‌وكات وه‌زیرى پلاندانانى عێراق هاوڕابوو له‌گه‌ڵ چه‌ند لایه‌نێكى سیاسى له‌ هه‌ردوو پارێزگاى نه‌ینه‌وا و كه‌ركوك كه‌ ده‌زانین بابه‌ته‌كه‌ ده‌رباره‌ى كورد بووه‌، بۆیه‌ نه‌یانویست سه‌رژمێریى له‌و دوو پارێزگایه‌ بكرێت و ژماره‌ى راسته‌قینه‌ى كورد ئاشكرابكرێت، بۆیه‌ نه‌كرا. ئه‌وان ده‌یانوت پێویست ناكات پرسیارى نه‌ته‌وه‌ بكه‌ین له‌ سه‌رژمێریدا، ئێمه‌ ره‌تمانكرده‌وه‌ چونكه‌ له‌هه‌موو سه‌رژمێرییه‌كانى عێراقدا نه‌ته‌وه‌ باسكراوه‌، پێویسته‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ك قه‌باره‌ى خۆى بزانێت كه‌ چه‌نده‌.


دواڕۆژ: كه‌واته‌ كه‌ى سه‌رژمێریى ده‌كرێت؟
سیروان محه‌مه‌د: ئه‌مساڵ له‌ به‌یروت-ى پایته‌خى لوبنان دوو كۆبوونه‌وه‌كرا به‌ئاماده‌بوونى وه‌زیرى پلاندانانى هه‌رێم و ئێمه‌ بۆ باسكردن له‌ سه‌رژمێریى كه‌ له‌ڕووى ته‌كنیكییه‌وه‌ چ شێوازێكى نوێ په‌یڕه‌و بكرێت. له‌ بودجه‌ى پێشنیاركراوى عێراق بۆ ساڵى 2019 بڕه‌ پاره‌یه‌ك ته‌رخانكراوه‌ به‌ مه‌به‌ستى ئاماده‌كارى و ئه‌نجامدانى سه‌رژمێریى گشتى له‌ كۆتایى ساڵى 2020دا.

دواڕۆژ: ژماره‌ى دانیشتوانى ئێستاى هه‌رێم چه‌نده‌؟
سیروان محه‌مه‌د: تا ساڵى 2040 پێشبینینه‌كانى ژماره‌ى دانیشتوان له‌سه‌ر ئاستى پارێزگاكان دیاریى ده‌كه‌ین، ئه‌مه‌ خه‌مڵاندنى ناڕاسته‌وخۆى پێده‌وترێت، له‌ كۆتایى ساڵى 2018 ژماره‌ى دانیشتوانى هه‌رێم ده‌گاته‌ نزیكه‌ى 5 ملیۆن و 895 هه‌زار كه‌س.

دواڕۆژ: به‌ڕێژه‌ى چه‌ند دانیشتوانى سلێمانى له‌ هه‌ولێر زیاتره‌؟
سیروان محه‌مه‌د: جیاوازییه‌كه‌ى كه‌مه‌، سلێمانى به‌ گه‌رمیان و هه‌ڵه‌بجه‌ و راپه‌ڕینه‌وه‌، نزیكه‌ى 50 هه‌زار دانیشتوى له‌ هه‌ولێر زیاتره‌. به‌ڵام رێژه‌ى گه‌شه‌ى دانیشتوان له‌ سلێمانى كه‌مترین رێژه‌یه‌ له‌سه‌ر ئاستى كوردستان و عێراقدا.


دواڕۆژ: كۆچى به‌ كۆمه‌ڵ هه‌یه‌ له‌ لادێ و قه‌زا و ناحیه‌كان بۆ ناوه‌ندى شاره‌ گه‌وره‌كان، هۆكار و مه‌ترسى و كاریگه‌رییه‌ خراپه‌كانى چین؟
سیروان محه‌مه‌د: نه‌بوونى خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌كییه‌كان له‌ قه‌زا و ناحییه‌كان هۆكارى سه‌ره‌كییه‌ بۆ ئه‌وه‌ى خه‌ڵك ببێت به‌ شارنشین. له‌ڕووى ئابورییه‌وه‌ لادێ پێویستى به‌ كشتوكاڵ و چه‌ندین جۆرى ترى چالاكى ئابورى هه‌یه‌، كه‌ ئێستا كارا نییه‌ و كه‌مه‌، جگه‌له‌وه‌ حكومه‌تى هه‌رێم له‌ ساڵانى پێش قه‌یرانى دارایى خه‌ڵكێكى زۆرى دامه‌زراند واى كرد هاووڵاتى پشت به‌ كه‌رتى گشتى ببه‌ستێت نه‌ك تایبه‌ت، ئه‌مه‌ش مه‌ترسى گه‌وره‌ى دروستكردووه‌ له‌سه‌ر شاره‌ گه‌وره‌كان و تێكچوونى هاوسه‌نگى دانیشتوان.

دواڕۆژ: ئایا رێژه‌ى بێكاریى زیادى كردووه‌؟ له‌ ره‌گه‌زى نێر و مێ-دا كامایان زۆرتره‌؟ هۆكاره‌كانتان بۆ ده‌ركه‌وتووه‌؟
سیروان محه‌مه‌د: له‌ 2014 رێژه‌ى بێكاریى 6.5% بوو، له‌ 2015 زیادى كردووه‌، له‌ 2017دا زیادى كردووه‌ بۆ 10.2%، ره‌گه‌زى مێ زۆرتر بێكارن، به‌هۆى به‌شداریى زۆر كه‌میان له‌ هێزى كاردا، جگه‌له‌وه‌ زۆربه‌ى ره‌گه‌زى مێ له‌كه‌رتى گشتیدا كارده‌كه‌ن كه‌ رێژه‌كه‌یان ده‌گاته‌ 75% جگه‌ له‌ كه‌رتى سه‌ربازى.  

 دواڕۆژ: دۆخى ئابورى له‌حاڵى داكشاندایه‌، له‌سه‌دا چه‌ند هه‌ڵاوسان و به‌كاربردن كه‌م بووه‌ته‌وه‌؟ 
سیروان محه‌مه‌د: به‌هۆى قه‌یرانى ئابورییه‌وه‌ ئێستا هه‌رێمى كوردستان له‌ حاڵه‌تى داكشاندایه‌. له‌ ساڵى 2012دا هه‌ڵاوسان و به‌كاربردن 100% بووه‌، ئه‌مساڵ رێژه‌كه‌ 95.9%یه‌.

 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە