بانكى ناوه‌ندى ئێران: ده‌ڵاڵى شه‌قام و كۆڵانه‌كان نرخى دۆلار دیارى ده‌كه‌ن

هەواڵ / ئابوری :: 22/11/2018‌ :: 1370‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
پارێزگارى بانكى ناوه‌ندى ئێران ئاشكراى ده‌كات، كۆنترۆڵى نرخى گۆڕینه‌وه‌ى دراوى بیانییان كردووه‌، كه‌ به‌یه‌كێك له‌ گرنگترین كێشه‌كانى ئێران داده‌نرێت.


عه‌بدولناسر هیمه‌تى، پارێزگارى بانكى ناوه‌ندى ئێران له‌ لێدوانێكدا بۆ ئاژانسى هه‌واڵى (ئیرنا)ى ئێرانى راگه‌یاندووه‌: "یه‌كێك له‌ گرنگترین كێشه‌كانى ئێران دیاریكردنى به‌هاى دراوى بیانییه‌، چونكه‌ كۆمه‌ڵێك جامباز و ده‌ڵاڵ له‌ شه‌قام و كۆڵانه‌كاندا نرخى دۆلار دیارى ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش مایه‌ى قبوڵ نییه‌، بانكى ناوه‌ندى له‌ توانایدایه‌ روبه‌ڕووى ئه‌و كه‌سانه‌ بێته‌وه‌".

هیمه‌تى رونیكردووه‌ته‌وه‌، سه‌ره‌ڕاى سزاكان و ئه‌و جه‌نگه‌ ده‌روونى و میدیاییه‌ی دژى ئێران ده‌كرێت، به‌ڵام حكومه‌ت و بانكى ناوه‌ندى سه‌ركه‌وتوو بوون له‌سه‌قامگیركردنى ئابوورى ئێران.

به‌ڕێوه‌به‌رى بانكى ناوه‌ندى ئێران روونیكردووه‌ته‌وه‌، له‌ 21ى ئازارى رابردووه‌وە هه‌نارده‌ى كاڵا و شمه‌كى نا نه‌وتى 27 ملیار دۆلار بووه‌، كارایی كۆمپانیاكانى وزه‌ى ئێرانیشى به‌دڵ بوو به‌وپێیه‌ى توانیویانه‌ 5.5 ملیار دۆلار بۆ سیسته‌مى "نیما" دابینبكه‌ن بۆ یه‌كخستنى نرخى گۆڕینه‌وه‌ى دراوى بیانى و دیاریكردنى سه‌رچاوه‌ و میكانیزمه‌كانى به‌كارهێنانى دراوى بیانى.

هیمه‌تى، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكردوه‌، كه‌ تا ئێستا 31 ملیار بۆ هاورده‌ى كاڵا و شمه‌ك ته‌رخان كراوه‌ و له‌سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵیشه‌وه‌ به‌ به‌هاى 10 ملیار دۆلار ده‌رمان هاورده‌ى ناو ئێران كراوه‌. 

ئا/ سيروان محمد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure