پارتی بۆ شیوعی: هیوادارین ئۆپۆزسیۆنێكی ئیجابی بن

هەواڵ / کوردستان :: 22/11/2018‌ :: 232‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی پارتی رایدەگەیەنێت: هیوادارن حیزبی شیوعی ئۆپۆزسیۆنێكی ئیجابی بن، ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی شیوعیش دەڵێت: پارتی داوای پاشگەزبوونەوەی ئۆپۆزسیۆنبوونیان لێنەكردوون.


پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 22ى تشرینى دووه‌مى 2018 شاندێكی ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى پارتی لە سلێمانی- هەڵەبجە بە سەرۆكایەتی عارف تەیفور، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی كۆمیتەی پارێزگاى سلێمانی حیزبی شیوعی كوردستانى كرد و لەگەڵ عه‌بدولڕه‌حمان فارس (ئه‌بو كاروان) ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى و ژماره‌یه‌ك له‌ ئەندامی سه‌ركردایه‌تى ئه‌و حزبه‌ كۆبوونەوە.

دوابه‌دواى كۆبونه‌وه‌كه‌ش هه‌ریه‌ك له‌ عارف ته‌یفور و ئه‌بو كاروان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان خستەڕوو.

عارف تەیفور رایگەیاند: سەردانەكەیان ئاسایی بووە، بەڵام داوایان لە حیزبی شیوعی نەكردووە لە ئۆپۆزسیۆنبوون پاشگەزببنەوە، چونكە ئەوە بڕیاری خۆیانە، مادام ئەو رێگەیەیان هەڵبژاردووە هیوادارن ئۆپۆزسیۆنێكی ئیجابی بن.

هەروەها ئەبو كاروان رایگەیاند: پارتی داوای پاشگەزبوونەوەی ئۆپۆزسیۆنبوونیان لێنەكردوون، چونكە ئەوان بە دیراسەی قوڵ ئەو بڕیارەیان داوە و وتی "ئۆپۆزسیۆن دەبین بە بەرنامەی خۆمان و كاری ئیجابی دەكەین، پاشان هیچ لایەنێكی سیاسیش بانگەشەی نەمانی ئەم حكومەتەی هەڵنەگرتووە، بۆیە دەمانەوێت دەسەڵات باشتر بێت و پاشەكەوت نەمێنێت".

سەبارەت بە كۆبوونەوەی پارتی لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان و كۆبوونەوەكانی داهاتوو، عارف تەیفور روونیكردەوە: "شاندەكەمان لە كۆبوونەوەی یەكێتی و گۆڕان رازیبوون و كۆبوونەوەكانیش بەردەوامییان دەبێت".

پێشتر بەرپرسانی پارتی رایانگەیاند كە نابێت هیچ لایەنێك لە نیوەی حكومەتدا جێیان بێڵێت، سەبارەت بەوەی یەكێتی و گۆڕان ئامادەبوون بەو مەرجە، ناوبراو وتی: "ئەوان ئامادەبوون ئەگەر حكومەتەكە لەسەر ئەو بەرنامەیە بڕوات كە لەسەری رێكدەكەوین، ئیلتیزامی پێوە دەكەن".

هه‌روه‌ها لە وەڵامی پرسیاری دواڕۆژدا سەبارەت بەوەی لە ناوەندە نافەرمییەكان دەوترێت پارتی پێیباش نییە كۆمەڵی ئیسلامی بەشداری كابینەی نوێ بكات بۆیە تائێستا سەردانی نەكردوون، ئەندامه‌كه‌ی مەكتەبی سیاسی پارتی رایگەیاند: "ئێمە پێمان باشە هەموو لایەنەكان بەشداری لە حكومەتدا بكەن، بەڵام كۆمەڵ تائێستا هیچ ئیجابییەتێك یان ئامادەییەكی دەرنەبڕیوە بۆ بەشداربوون لە حكومەت، لەبەرئەوە چاوەڕێی رای ئەوان دەكەین".

سەردانه‌كه‌ لەكاتێكدایە لایەنەكان سەرقاڵی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمن و هەفتەی رابردووش حیزبی شیوعی كه‌ كورسییه‌كى له‌ په‌رله‌مانى نوێى كوردستاندا هه‌یه‌ ئۆپۆزسیۆنبوونی خۆی راگەیاند.

شەممەی رابردوو شاندى پارتی سەردانی سلێمانی كرد و لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان كۆبووەوە بەمەبەستی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم.

داڕشتنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure