سه‌ربازگه‌ و زیندانێكی داعش ئاشكرابوو

هەواڵ / کوردستان :: 21/11/2018‌ :: 1228‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جه‌باری
هێزێكی حه‌شدی شه‌عبی ئاشكراكردنی سه‌ربازگه ‌و زیندانێكی داعشی له‌باشووری كه‌ركوك راگه‌یاند.


جه‌وده‌ت عه‌ساف به‌رپرسی راگه‌یاندنی لیوای 16ی حه‌شدی شه‌عبی ئه‌مشه‌و چوارشه‌ممه‌ 21ی تشرینی دووه‌م به‌ دواڕۆژی وت: "به‌پێی زانیارییه‌ هه‌واڵگرییه‌كان توانیومانه‌ بچینه‌ ناوچه‌ی (چای تاوغ) له‌نزیك گونده‌كانی عه‌شیره‌تی به‌نی عز له‌سنوری قه‌زای داقوق كه‌ چه‌كدارانی داعش كردبوویان به‌حه‌شارگه ‌و سه‌رچاوه‌ی په‌لاماره‌كانیان".

وتیشی: "له‌ناوچه‌كه‌دا سه‌ربازگه‌یه‌كی بچوك و زیندانییه‌كی ئه‌و تاقمه‌ ئاشكرابوون كه‌ چه‌كداره‌كان تازه‌ هه‌ڵاتبوون لێی، ته‌نانه‌ت خواردنەكەیان هێشتا له‌سه‌ر ئاگربوو، له‌گه‌ڵ چه‌ند حه‌شارگه‌یه‌كی دیكه‌ی ئه‌و گروپه‌ كه‌ سه‌رجه‌میان ته‌قێندرانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی دیكه‌ به‌كارنه‌هێنرێت".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو له‌ ئۆپراسیۆنه‌كه‌دا كه‌ له‌دوێنێوه‌ ده‌ستیپێكردووه،‌ ده‌ستگیراوه‌ به‌سه‌ر ده‌یان پارچه‌ چه‌ك و جۆره‌ها ته‌قه‌مه‌نی و مۆبایلی ئاماده‌كراو بۆ ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌ی تیرۆریستی.

دوێنێ سێشه‌ممه‌ 20ی تشرینی دووه‌م حه‌شدی شه‌عبی له‌ 6 میحوه‌ره‌وه‌ ئۆپراسیۆنی كێوماڵكردنی ناوچه‌كانی داقوقی له‌باشوری كه‌ركوك راگه‌یاند.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure