سیانزه‌ھەمین پێشانگاى نێوده‌وڵه‌تى سلێمانی دەکرێتەوە

هەواڵ / ئابوری :: 21/11/2018‌ :: 371‌ جار بینراوە

تاگ :: سلێمانى

دواڕۆژ، زریان محەمەد
بڕیاره‌ به‌منزیكانه‌ بەبەشداری زیاتر لە 180 کۆمپانیای ناوخۆیی و دەرەکی سیانزه‌هه‌مین پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی بکرێتەوە.


سەلام عەبدوڵا، وتەبێژی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 21ى تشرینى دووه‌م بە دواڕۆژی وت: رۆژى هه‌ینى 23ى ئه‌م مانگه‌ سیانزه‌هه‌مین پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی بە بەشداری زیاتر لە ١٨٠ کۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی دەکرێتەوە.

راشیگه‌یاند: وڵاتانی (ئێران، تورکیا، سعودیە، میسر، لوبنان، پاکستان و ھندستان) و وەکالەتی کۆمپانیا ئەوروپیەکان لە کوردستان و بەشێکی زۆری کۆمپانیاکانی بازرگان و کانزاکانی حکومەتی عێراق بەشدارن.

وتەبێژی ژووری بازرگانی ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: بۆ ئه‌مساڵ بە بەراورد بە ساڵی 2016 به‌شدارى كۆمپانیاكان زیادیکردووە کە ئەوکات 160 کۆمپانیا بەشداربوون.

لای خۆیەوە عه‌لی بەشیر، بەڕێوەبەری کۆمپانیای عێراق تقدم و رێکخەری پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی بە دواڕۆژی وت: زۆرترین کۆمپانیا به‌شداربووه‌كان له‌ وڵاتى ئێرانه‌وه‌یه‌ كه‌ 35 كۆمپانیایه‌، کۆمپانیاکانی ناوخۆش زۆرترین بەشدارییان ھەیە کە زۆربەیان وەکالەتی کۆمپانیا ئەوروپیەکانیان ھەیە.

وتیشی: "پێشانگاکە بۆ ماوەی 6 رۆژ بەردەوام دەبێت و ھەموو ھاوڵاتیان دەتوانن بەشداری تێدابکەن و سەردانی ئەو کۆمپانیایانە بکەن کە پێداویستیەکانیان نمایشکردووە تا بتوانن سود لەو شتومەک و کاڵایانە وەربگرن".

ساڵانە لە سلێمانی پێشانگای نێودەوڵەتی به‌ به‌شدارى كۆمپانیا ناوخۆیی و بیانیەکان بەڕێوه‌ده‌چێت.

داڕشتنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure