گه‌رمیان: ڕۆژى كێڵگه‌ به‌رێوه‌چوو

هەواڵ / ئابوری :: 21/11/2018‌ :: 236‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 
به‌ خستنه‌ڕووى به‌رهه‌مى خانووى پلاستیكى، ڕۆژى كێڵگه‌ له‌ گه‌رمیان به‌رێوه‌چوو كه‌ به‌ وته‌ى لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار و جوتیاران سودێكى باشى هه‌یه‌ له‌ڕووى زیادكردنى به‌رهه‌م و ره‌خساندنى هه‌لى كار و پێشخستنى ئابورى وڵات. 


شادى حسێن، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى كشتوكاڵى گه‌رمیان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: مه‌به‌ست له‌م ڕۆژه‌ گرنگیدانى زیاتره‌ به‌ به‌رهه‌مى ناوخۆیى و زیادكردنى به‌رهه‌مه‌ كشتوكاڵییه‌كانه‌ له‌ ڕێگه‌ى كێڵگه‌وه‌ هه‌روه‌ها كردنى زه‌وی دێمه‌ به‌ كێڵگه‌ و ئاویى. 

وتیشى: "ئه‌مرۆ له‌ سه‌رقه‌ڵا 200 خانووى پلاستیكى وه‌ك نموونه‌یه‌ك وه‌رگیراوه‌ و خراوه‌ته‌ڕوو كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ به‌رهه‌مى زیاتر و چه‌ند سودێكى دیكه‌ش بۆ جوتیاران و هه‌روه‌ها به‌ شێوه‌یه‌گى گشتى بۆ ئابورى وڵات هه‌یه‌". 

لاى خۆشیه‌وه‌ ئیبراهیم محه‌مه‌د كه‌ جوتیارێكى وه‌به‌رهێنه‌ره‌ و خاوه‌نى 200 خانووه‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: گرنگیدان به‌ خانووى پلاستیكى و به‌رهه‌مى كێڵگه‌ سودێكى زۆرى ده‌بێت بۆ جوتیاران و ده‌بێته‌هۆى زیادكردنى به‌رهه‌م و ڕه‌خساندنى هه‌لى كار و پێشخستنى كه‌رتى كشتوكاڵ و باشتر سودوه‌رگرتن له‌ زه‌وییه‌كان. 

وتیشى: "له‌ خانووه‌كاندا چوار جۆر چاندنیان كردووه‌ كه‌ بریتین له‌ خه‌یار، برۆكلى، قه‌رنابیت و گه‌نمه‌ شامى و 100 كرێكار تێیدا كارده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ ژماره‌یه‌ك ئه‌ندازیار و پسپۆرانى دیكه‌ى بوارى كشتوكاڵى". 

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure