سیستمی ئه‌لیكترۆنی كوالێتی كۆنتڕۆڵی ده‌رمان كه‌وته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 21/11/2018‌ :: 485‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێم سیستمی كوالێتی كۆنترۆڵی ده‌رمانی به‌ ئه‌لیكترۆنی كرد و به‌پێی سیستمه‌كه‌ هیچ كۆمپانیایه‌ك ناتوانێت له‌ رێگه‌ی مامه‌ڵه‌ی ده‌ستییه‌وه‌ گرێبه‌ستی مامه‌ڵه‌ی ده‌رمان بكات. 


ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 21ی تشرینی دووه‌می 2018، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كوالێتی كۆنترۆڵی ده‌رمان له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێم سیستمی ئه‌لیكترۆنی كوالێتی كۆنترۆڵی ده‌رمانی خسته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌. 

دوای جێبه‌جێكردنی سیستمه‌كه‌ش رێكه‌وت حه‌مه‌ ره‌شید، وه‌زیری ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: به‌ ئه‌لیكترۆنیكردنی سیستمی كوالێتی كۆنتڕۆڵی ده‌رمان به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ئه‌نجامدراوه‌. 

وتیشی: "كاری یه‌كه‌می ئه‌م سیستمه‌ بریتییه‌ له‌ دانانی داتابه‌یسێك سه‌باره‌ت به‌ كوالێتی ئه‌و ده‌رمانانه‌ی ده‌هێنرێنه‌ نێو هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، بۆ ئه‌مه‌ش له‌ كابینه‌ی حه‌وت و هه‌شتی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ باشتركردن و كۆنتڕۆڵكردنی ده‌رمان بووه‌ وه‌ك دانانی ستیکەری نرخی ده‌رمان، دروستكردنی كوالێتی كۆنتڕۆڵ كه‌ 2012وە وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی توانای پشكنینی حه‌بێكی پاراسیتۆڵی نه‌بوو. 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: له‌مه‌ودوا هه‌موو مامه‌ڵه‌یه‌كی ده‌رمان له‌ تاقیگه‌ و گومرگه‌كان، فرۆكه‌خانه‌كان و كۆمپانیاكانی ده‌رمان له‌ ژێر كۆنتڕۆڵی ئه‌و سیستمه‌ ده‌بێت و هیچ كه‌سێك بۆی نییه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م سیستمه‌ مامه‌ڵه‌ به‌ ده‌رمانه‌وه‌ بكات.

روونیشیكرده‌وه‌: قۆناغی دووه‌می ئه‌و سیستمه‌ ئه‌وه‌ی له‌ كۆگاكان و ده‌رمانخانه‌كان داده‌نرێت و قۆناغی سێیه‌میش ئه‌پڵیكه‌یشنێك له‌سه‌ر مۆبایلی سمارتی هاووڵاتیان داده‌نرێت، بۆ ئه‌وه‌ی كاتێك پێویستیان به‌ ده‌رمانێك ده‌بێت له‌ رێگه‌ی مۆبایله‌كانیانه‌وه‌ بزانن كه‌ ده‌رمانه‌كه‌ له‌ چ ده‌رمانه‌خانه‌یه‌ك ده‌ستده‌كه‌وێت و نرخه‌كه‌ی چه‌نده‌ و ده‌رمانه‌كه‌ كاریگه‌رییه‌ لاوه‌كییه‌كانی چییه‌، به‌رنامه‌ی ئه‌پڵیكه‌یشنه‌كه‌ به‌ زمانی كوردی ده‌بێت. 

ئاشكراشیكرد: گرێبه‌ستی سیستمی كوالێتی كۆنترۆڵی ده‌رمان له‌گه‌ڵ كۆمپانیای سۆفت ماكس ئه‌نجامدراوه‌ و قۆناغی یه‌كه‌می چۆته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌. 

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure