عێراقییەکان لەكڕینى موڵك لەتوركیا یه‌كه‌من

هەواڵ / ئابوری :: 23/11/2018‌ :: 262‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
به‌پێى داتاكانى دامه‌زراوه‌ى ئامارى توركیا، له‌ مانگى تشرینى یه‌كه‌مى رابردوودا، هاووڵاتیانى عێراقى له‌ پله‌ى یه‌كه‌مدا بوون له‌ كڕینى موڵك و خانووبه‌ره‌ له‌ توركیادا و ئێرانییه‌كانیش له‌ پله‌ى دوومدا بوون.

له‌ به‌یاننامه‌كدا كه‌ رۆژی چوارشه‌ممه‌ 21ى تشرینى دووه‌م بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، دامه‌زراوه‌ى ئامارى توركیا ئاشكرایكردوه‌: له‌ مانگى تشرینى یه‌كه‌مدا هاووڵاتیانى عێراق له‌ ریزبه‌ندى پله‌ی یه‌كه‌مدابوون له‌ كڕینى موڵك و خانووبه‌ره‌ له‌ توركیا و 1439 موڵكیان كڕیوه‌، هاووڵاتیانى ئێرانیش له‌ پله‌ى دووه‌مدا بوون به‌ كڕینى 557 موڵك، كوه‌یتیه‌كانیش به‌ كڕینى 378 موڵك له‌ پله‌ى سێیه‌م و ئه‌ڵمانیاییه‌كانیش به‌ 341 موڵک له‌ پله‌ى چواره‌م و روسه‌كانیش له‌ پله‌ى پێنجه‌مدا بوون به‌كڕینى 336 موڵك.

له‌ ئاماره‌كه‌دا هاتووە: به‌گشتى له‌ مانگى تشرینى یه‌كه‌مدا 6276 موڵك و خانووبه‌ره‌ فرۆشراوه‌، به‌راورد به‌هه‌مان ماوه‌ى ساڵى 2017 به‌رێژه‌ى 134.4 زیادیكردوه‌.

دامه‌زراوه‌ى ئامارى توركیا جه‌ختیشكردەوه‌: له‌ناو شاره‌كانى توركیادا شارى ئیستەنبول له‌ پله‌ى یه‌كه‌مدا بووه‌ به‌ فرۆشتنى 2283 خانوو به‌ هاووڵاتیانى بیانى و دواى ئه‌ویش ئه‌نتاڵیا به‌ 1160 موڵك، سێیه‌میش شارى بۆرسه‌ به‌ 448 موڵك، ئه‌نكه‌ره‌ش به‌ 392 موڵك لەچواره‌مدا بووه‌.

ئا: سیروان محه‌مه‌د



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure