"نه‌خشه‌ڕێ-ى ئه‌مریكا بۆ ده‌ربازكردنى بن سه‌لمان ئاشكرا ده‌بێت"

هەواڵ / کوردستان :: 21/11/2018‌ :: 267‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ
مایك پۆمپیۆ، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا (نه‌خشه‌ڕێ)ى قوتاركردنى محه‌مه‌د بن سه‌لمان جێنشینى سعودیه‌ى له‌ ده‌ره‌نجامه‌كانى كوشتنى جه‌مال خاشقچى رۆژنامه‌نووسى سعودی، داوه‌ته‌ حكومه‌تى ریاز.

پێگه‌ى میدڵ ئیست ئاى، كه‌ پێگه‌یه‌كى هه‌واڵیى بریتانییه‌، ئه‌و هه‌واڵه‌ى له‌ زارى سه‌رچاوه‌یه‌كى سعودیه‌وه‌ ئاشكراكردووه‌ كه‌ ناوى نه‌هێناوه‌، به‌ڵام به‌ (باڵا) له‌قه‌ڵه‌مى داوه‌. 

به‌ پێى ئه‌و سه‌رچاوانه‌، له‌ میانه‌ى سه‌ردانه‌كه‌ى مانگى رابردوویدا بۆ ریاز، پۆمپیۆ ئه‌و نه‌خشه‌ رێیه‌ى بۆ ده‌ربازكردنى جێنشین له‌ ده‌ره‌نجامه‌كانى كوشتنه‌كه‌ى خاشقچى داوه‌ته‌ هه‌ریه‌ك له‌ پادشا و جێنشینى سعودیه‌یش.

ناوه‌ڕۆكى نه‌خشه‌ ئه‌مریكییه‌كه‌یش، وه‌ك ئه‌و سه‌رچاوانه‌ ئاشكرایان كردووه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئۆباڵى كوشتنى رۆژنامه‌نووسه‌ سعودیه‌كه‌ بخرێته‌ ئه‌ستۆى كه‌سێكى بێتاوان له‌ خێزانى ئال سعود، ئه‌مه‌یش له‌ پێناو پاراستنى لووتكه‌ى هه‌ره‌مى ده‌سه‌ڵات و بنه‌ماڵه‌ له‌و تاوانه‌ى كه‌ به‌رامبه‌ر جه‌مال خاشقچى كراوه‌. 

ئه‌و سه‌رچاوانه‌ ئه‌وه‌یش ئاشكرا ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌رچى هێشتا كه‌سه‌كه‌ دیارینه‌كراوه‌، به‌ڵام بنه‌ماڵه‌ى ئال سعود نه‌خشه‌ڕێكه‌ى ئه‌مریكایان تاوتوێ كردووه‌ و به‌نیازن له‌كاتى زیادبوونى گوشاره‌كانى سه‌ر محه‌مه‌د بن سه‌لمان-ى جێنشیندا به‌كارى بێنن و دۆسیه‌كه‌ له‌ به‌رپرسانى باڵاى سعودیه‌ و له‌پێش هه‌مووشیانه‌وه‌ بن سه‌لمان داببڕن كه‌ به‌تۆمه‌تبارى یه‌كه‌مى تاوانى كوشتنه‌كه‌ى خاشقچى ناوى ده‌هێنرێت.

 

پ:ئا.ح



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure