پەیامی شاندی پارتی بۆ لایەنەكان ئاشكرادەكرێت

هەواڵ / کوردستان :: 21/11/2018‌ :: 328‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاریان عەلی
ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت: سەردەمی پەنجا بە پەنجا کۆتایی هاتووە و دەیانەوێت حکومەتێکی شەراکەتی راستەقینە دروست بکەن. دەشڵێت: "چیتر رێگە نادرێت كەس بە رۆژ لەگەڵ حكومەت بێت و بە شەو ئۆپۆزسیۆن بێت".


ئاراس حەسۆ میرخان، ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان پەیامی شاندی پارتی بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم ئاشكراكرد و بەدوارۆژی وت: "دەمانەوێ حكومەتێكی شەراكەتی راستەقینە بەپێی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن دروستبكرێت و قۆناغی حكومەتی پەنجا بە پەنجا كۆتایی پێهاتووە".

وتیشی: "هەر لایەنێك بەشداری لە حكومەت بكات دەبێ چۆن داوای ماف دەكات بەهەمان شێوە پێویستە ئەركەكانی بەرامبەر حكومەت جێبەجێ بكات و  چیتر رێگە  نادرێت كەس بە رۆژ لەگەڵ حكومەت بێت و بە شەو ئۆپۆزسیۆن بێت".

ئاماژەی بەوەشكرد: بڕیاردەری یەكەمی حكومەت تەنیا سەرۆكی حكومەتە و ئەو حیزبەی زۆرترین متمانەی خەڵكی كوردستانی بەدەستهێناوە بەشی زۆری پێكهێنانی حكومەتی بەردەكەوێت.

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی باسی لەوەشكرد: ئەم قۆناغە قۆناغی تێپەڕاندنی بریارە سەختەكان دەبێت لەناو پەرلەمان بۆ بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان.

پێداچوونەوە: ن.ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure