ناردنە دەرەوەی بەرکەتووانی چەکی کیمیایی هەڵەبجە دەستپێدەکاتەوە

هەواڵ / کوردستان :: 20/11/2018‌ :: 227‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمەسەعید
دوای ڕاگرتنی بۆ ماوەی زیاد لە دوو ساڵ، ناردنە دەرەوەی بریندارانی چەکی کیمیایی دەستپێدەکاتەوە و لەقۆناغی یەکەمیشدا ئەوانە دەنێردرێنەدەر کە نەشتەرگەری چاندنی گلێنەی چاویان بۆ کراوە.

 
لوقمان عەبدولقادر، سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە بەدواڕۆژی ڕاگەیاند: زیاد لە دوو ساڵە ناردنەدەرەوەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی هەڵەبجە بەهۆی قەیرانی داراییەوە ڕاگیراوە، بەڵام دوای گەڕاندنەوەی كەیسی چارەسەری بەركەوتوان لەوەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانەوە بۆ وەزارەتی تەندروستی، لەم هەفتەیەدا بە چەند وەجبەیک ناردنە دەرەوەی بەرکەتووانی چەکی کیمیایی دەستپێدەکاتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا لەگەڵ وەزیری تەندروستی كۆبووینەوە، بەمەبەستی خێراكردن لەچارەسەركردنی بەركەوتوانی چەكی كیمیایی لە بەرامبەریشدا وەزیری تەندروستی بەڵێنیدا کە بەزوترین کات بەركەوتوانی چەكی كیمیاوی بە چەند وەجبەیەك رەوانەی كۆماری ئیسلامی ئێران بکرێن.

سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە ئەوەشی وت: "بڕیارمانداوە لە هەنگاوی یەكەمدا، ئەو بەركەوتوانە بنێردرێنە دەر كە پێشتر چاندنی گلێنەی چاویان بۆ كراوە، بۆ ئەو مەبستەش لیژنەیەکی پسپۆڕ پشکنین بۆ بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی دەکەن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure