كورد پۆسته‌كانى له‌ خورماتوو له‌ده‌ستده‌دات

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 20/11/2018‌ :: 337‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 
سەرەڕای ئەوەی پێشتر پۆستی قایمقامی قەزاكە و چەندین پۆستی گرنگی تر لەلای كورد بوون، لەئێستادا بەركەوتەی لایەنە سیاسییە كوردەكان كەم بۆتەوە و هاڕەی كردووە بۆ تەنیا چوار پۆستی حكومی.


له‌ كۆبوونه‌وه‌ی دوێنێ دووشەممەی لایه‌نه‌ كوردییه‌كان له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی قه‌زای خورماتوو، ته‌نها چوار پۆست پێشنیاز كراوه‌ بدرێت به‌كورد، له‌به‌رامبه‌ردا ڕازی بوون به‌و مه‌رجه‌ی ده‌سه‌ڵاتی به‌كارهێنانی ئه‌و پۆستانه‌یان هه‌بێت و ڕێگرییان لێنه‌كرێت، به‌رپرسێكی توركمانیش ده‌ڵێت: "كورد مافی خۆی پێدراوه"‌.

كه‌ریم شوكر، به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی 16ی یه‌كێتی له‌ خورماتوو به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند؛ له‌سه‌ر داوای قایمقامی خورماتوو، رۆژی دووشەممە لایه‌نه‌ حزبییه‌ كوردستانییه‌كانی خورماتوو له‌ بینای قایمقامیه‌ت لەگه‌ڵ ئیداره‌ی خورماتوو كۆبوونه‌وه‌ كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ پێدانی پشكی كورد و رێكخستنه‌وه‌ی پۆسته‌كان.

وتیشی: "له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا چوار پۆست بۆ كورد پێشنیاز كرا‌ بۆ كه‌ بریتین له‌ "پۆلیس، شاره‌وانی، ڤێته‌رنه‌ری، ته‌ندروستی" و له‌ به‌رامبه‌ردا لایه‌نه‌كان ڕازی بوون، به‌و مەرجەی رێگری نه‌كرێت له‌ به‌رده‌م ئیشوكاره‌كان و به‌كارهێنانی پۆسته‌كان، به‌تایبت كه‌ ئێستا له‌ خورماتوو حه‌شدی توركمانی ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر قه‌زاكه‌دا هه‌یه".

ئه‌و به‌رپرسه‌ی یه‌كێتی باسیشی له‌وه‌كرد، كورد پۆستی قایمقامیه‌تی له‌ ده‌ستداوه‌ و داواشیان كردووه‌ پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی قه‌زای پێبدرێت، به‌ڵام قایمقامی خورماتوو رایگه‌یاندووه‌ لەگه‌ڵ عه‌ره‌بی سوونه‌ رێككه‌وتن كه‌ ئه‌و پۆسته‌ بۆ ئه‌وان ده‌بێت.

له‌ سنووری خورماتوو 36 فه‌مانگه‌و ده‌زگای حكوومی هه‌ن و پێش رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر كورد به‌شێكی زۆری به‌ ده‌سته‌وه‌ بووه‌ و له‌ ئێستادا هه‌موویان لێوه‌گیراوه‌ته‌وه‌ له‌ ناویاندا پۆستی قایمقامیه‌ت.

سه‌ردار ئه‌حمه‌د ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی قه‌زای خورماتوو به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: له‌ كبوونه‌وه‌كه‌دا، لایه‌نی كوردی پێی باشبووه‌ له‌ به‌رامبه‌ر لێوه‌گرتنه‌وه‌ی پۆستی قایمقام، پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی قه‌زای پێبدرێت، به‌ڵام ڕازی نه‌بوون و رایانگه‌یاندووه‌ كه‌ پێشتر لەگه‌ڵ لایه‌نی عه‌ره‌بی سووننه‌ رێكه‌وتنی له‌سه‌ر كراوه‌.

وتیشی: "له‌ خورماتوو كورد به‌شێكی زۆری پۆسته‌كانی له‌ ده‌ستداوه‌ و له‌ ئێستاشدا یه‌كێك له‌و پۆستانه‌ی پێشنیاز كراوه،‌ پۆستی پۆلیسه‌، به‌ڵام كورد ئه‌فسه‌ری نییه‌ بۆ ئه‌و پۆسته‌ دایبنێت و ئه‌و پۆستانه‌ش كه‌ دراوه‌ته‌وه‌ به‌ كورد له‌ ئاستی پشكی كورد نییه‌ و كورد له‌وه‌ زیاتری به‌رده‌كه‌وێت.

عه‌لی حوسێن ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی قه‌زای خورماتوو له‌ سه‌ر توركمان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند؛ ئه‌و پۆستانه‌ی دراونه‌ته‌ كورد، مافی خۆیانه‌و ڕێژه‌ی كورد له‌ ناوچه‌كه‌ و ڕێژه‌ی ده‌نگه‌كانیان له‌ دواین هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌خات و پێیان وایه‌ هیچ نادادپه‌روه‌رییه‌كی تێدانییه‌.

وتیشی، پێشتر زۆربه‌ی پۆسته‌كانی سنوری قه‌زای خورماتوو به‌ ده‌ست كورده‌وه‌ بوو، ئه‌ویش سایه‌تێكی خراپی ئیداره‌دانی ناوچه‌كه‌ بوو، به‌ڵام ئێستا كه‌ توركمان ده‌سه‌ڵاتداره‌، به‌ شێوه‌یه‌ی رێكه‌وتن و دانیشتنی نه‌ته‌وه‌كان له‌ گه‌ڵ قایمقامی خورماتوو پۆسته‌كان به‌شكراون.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، گرنگ‌ پۆسته‌كه‌ نییه‌، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ هه‌مووان پێكه‌وه‌ بتوانین خزمه‌تی ناوچه‌كه‌ بكه‌ین و ناوچه‌كه‌ له‌ ئاژاوه‌ و دووبه‌ره‌كی توندوتیژی بپارێزین و هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ك ڕێگه‌ نه‌دات كه‌سی نه‌شیاو له‌ پۆسته‌كان جێگیرببێت، چونكه‌ هه‌مووان لێی زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بین. 

كورده‌كان به‌ شێوه‌ی زاره‌كی ڕازی بوون به‌و چوار پۆسته‌، به‌ڵام مه‌رجیان ئه‌وه‌یه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی وه‌رگرتن و ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بێت، نه‌ك ته‌نها به‌ڕێوه‌به‌ر.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌موو لایه‌نه‌ كوردییه‌كان به‌شدارییان كردووه‌، جگه‌ له‌ پارتی.

بورهان مه‌لا ئه‌مین سكرتێری مه‌كۆی گۆڕان له‌ خورماتوو به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند؛ له‌به‌ر بارودۆخی ئاڵۆزی ناوچه‌كه‌و بێزاری و نیگه‌رانی هاووڵاتیانی كورد له‌ خورماتوو، وه‌كو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان پێیان باشبووه‌ بگه‌نه‌ رێكه‌وتن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن خزمه‌تێك به‌ هاووڵاتیانی كورد له‌ ناوچه‌كه‌ بكه‌ن به‌ شێوه‌یه‌ك هه‌ست نه‌كەن هاووڵاتی پله‌ دوون و چیتر له‌وه‌ زیاتر بارودۆخه‌كه‌ خراپتر نه‌بێت. 

وتیشی: "پێش سه‌ردانی كردنیان بۆ قایقامیه‌ت، لایه‌نه‌ كوردییه‌كان سێ كۆبوونه‌وه‌یان ئه‌نجامداوه‌ و له‌ دواكۆبوونه‌وه‌یاندا رێكه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی قه‌زا وه‌ربگرن و پێداگریش بكه‌ن ئه‌و پۆستانه‌ی كه‌ پشكی كورد ده‌بێت به‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تییه‌وه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوه‌ بێت نه‌ك ته‌نها وه‌كو به‌ڕێوه‌به‌رێكی كورد".

نوێنه‌ری گۆڕان له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ باسیشی له‌وه‌كرد، ئیداره‌ی خورماتوو پێدانی پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی قه‌زای خورماتووی ره‌تكرده‌وه‌ به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی دراوه‌ته‌ نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب،  له‌به‌رامبه‌ر پۆسته‌كانی دیكه‌ش لایه‌نی یه‌كێتی ڕاسته‌وخۆ ڕه‌زامه‌ندی نیشاندا كه‌ له‌ سه‌ره‌تادا ته‌نها به‌ڕێوه‌به‌ره‌كانی كوردبێت و دواتر وه‌كو به‌رێوه‌به‌رایه‌تی و ده‌سه‌ڵاته‌كانی قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن. 

بورهان مه‌لا ئه‌مین، وتیشی: "هه‌رچه‌نده‌ له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی یه‌كێتی لایه‌نه‌ كوردییه‌كان نیگه‌ران بوون، چونكه‌ پێشتر به‌وشێوه‌یه‌ ڕێكنه‌كه‌وتبوون، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی زاره‌كی هه‌مووان به‌و پۆستانه‌ ڕازی بوون و كۆبوونه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ش ئه‌نجامده‌درێت كه‌ تێیدا باس له‌ ده‌سه‌ڵاتی كورد ده‌كرێت له‌و پۆستانه‌ و دروستنه‌كردنی ئاسته‌نگ له‌به‌رامبه‌ریاندا".

حه‌سه‌ن زه‌ینعابدین قایمقامی خورماتوو به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: كۆبوونه‌وه‌یان لەگه‌ڵ لایه‌نه‌ كوردییه‌كان و هه‌روه‌ها لایه‌نه‌كانی دیكه‌ش كه‌ پێشتر ئه‌نجامدراوه‌، له‌ لایه‌كه‌وه‌ بۆ نزیككردنه‌وه‌ی پێكهاته‌كانی خورماتوو و ئاسایی كردنه‌وه‌ی بارودۆخی نێوانیان بوو، له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ دابه‌شكردنه‌وه‌ی پۆسته‌كانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌مووان پێكه‌وه‌ بتوانن خزمه‌تی خورماتوو بكه‌ن.

وتیشی: "له‌كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆیاندا لایه‌نه‌ كوردییه‌كان داوای پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی قه‌زای خورماتوویان كرد، له‌سه‌ر ئه‌و پۆسته‌ گفتوگۆ له‌ نێواندا دروستبوو، بۆیه‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ دواخرا بۆ هه‌فته‌ی داهاتوو و به‌ هیواین له‌سه‌ر ئه‌و پۆستانه‌ی پێشنیاز كراوه،‌ رێكه‌وتن بكرێت".

پێداچوونەوە: ئارام غەفور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure