سه‌عدى پیره‌: كابینه‌ى چوار ساڵى داهاتوو خزمه‌تگوزار ده‌بێت

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 19/11/2018‌ :: 2331‌ جار بینراوە
سه‌عدى پیره‌ وته‌بێژى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى نیشتمانی کوردستان

دواڕۆژ، سامان قوبادى
وته‌بێژى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى نیشتمانی کوردستان، دەڵێت: "گفتوگۆکان بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێم زۆر ناخایه‌نێت". سه‌عدى پیره‌ وته‌بیژى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى له‌ دیدارێكى دواڕۆژدا جه‌ختله‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ پۆستى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت پشكى یه‌كێتییه‌، له‌ كۆبونه‌وه‌ى داهاتووشدا باس له‌ پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مان ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ پارتى.


دواڕۆژ، ورده‌كارى یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌تان بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت چییه‌؟
سه‌عدى پیره‌: باس له‌وه‌كرا هه‌ڵه‌كانى رابردوو دووباره‌ نه‌كه‌ینه‌وه‌ له‌م كابینه‌ نوێیه‌دا، هه‌روه‌ها په‌له‌ بكرێت له‌ پێكهێنانى حكومه‌ت،  هه‌وڵى ئه‌وه‌ بده‌ین له‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ عێراق بگه‌ینه‌ ئه‌نجامێكى باش و په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێم و ناوه‌ند به‌ره‌و باشتر به‌رین، جگه‌له‌وه‌ هه‌روه‌ها باس له‌وه‌كرا، رێگه‌ بگرین له‌ بڵاوبونه‌وه‌ى تیرۆر له‌م ناوچه‌یه‌.

دواڕۆژ: پێتانوایه‌ ده‌بێت چه‌ند وه‌زاره‌ت به‌ر یه‌كێتى بكه‌وێت؟
سه‌عدى پیره‌: باسى وه‌زاره‌ت نه‌كراوه‌ هێشتا زووه‌ بۆ ئه‌وه‌، به‌ڵكو ده‌بێت له‌ڕووى سیاسییه‌وه‌ شه‌ریك بین له‌ بڕیاره‌كان، له‌ڕووى ئابوری و ئه‌منى و به‌رگرى و په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ شه‌ریكى راسته‌قینه‌ بین، په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم حیزبى نه‌بیت، جگه‌له‌وه‌ پۆستى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت به‌پێى ژماره‌ى كورسییه‌كان پشكى یه‌كێتییه‌.

دواڕۆژ: ئایا حكومه‌تى شه‌راكه‌ت ده‌بێت یان به‌پێچه‌وانه‌وه‌؟
سه‌عدى پیره‌: كابینه‌ى نوێ شه‌راكه‌ت ده‌بێت، ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌ نییه‌ وه‌كو پێشتر په‌نجا به‌ په‌نجا بێت له‌لایه‌ن ئێمه‌ و پارتییه‌وه‌ پێكبهێنرێت، ئه‌و تیمه‌ى یه‌كێتى پێكی هێناوه‌ بۆ گفتوگۆكردن ئه‌وان دیارى ده‌كه‌ن چه‌ند وه‌زاره‌تمان به‌ركه‌وێت.

دواڕۆژ: كه‌ى گفتووگۆكان له‌سه‌ر دابه‌شكردنى وه‌زاره‌ته‌كان ده‌ست پێده‌كه‌ن؟
سه‌عدى پیره‌: گفتوگۆ ده‌ستى پێكردووه‌، ده‌مێنێته‌وه‌ سه‌ر هه‌ر لایه‌نێك ئاماده‌یى خۆى ده‌ربڕێت بۆ گه‌ڕى دووه‌مى دانوستاندنه‌كان تا به‌شداربێت له‌ حكومه‌ت یان نا، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ له‌ چه‌ند رۆژى داهاتوودا یه‌كێتى و پارتى كۆده‌بنه‌وه‌.

دواڕۆژ: حكومه‌تى زۆرینه‌ ده‌بێت یان بنكه‌ فراوان؟ كامیان سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت؟
سه‌عدى پیره‌: به‌شێك له‌ حیزبه‌ سیاسییه‌كان رایانگه‌یاندووه‌ به‌شدارى له‌ حكومه‌ت ناكه‌ن، به‌م پێیه‌ كابینه‌ی نوێى حكومه‌ت زۆرینه‌ ده‌بێت.

دواڕۆژ: گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى پێشوو زیاتر له‌ شه‌ش مانگى خایاند، پێتوایه‌ حكومه‌تى داهاتوو كه‌ى پێكده‌هێنرێت؟
سه‌عدى پیره‌: پێموانییه‌ گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت زۆر بخایه‌نێت، به‌ گوێره‌ى نه‌فه‌سى ئێمه‌ و پارتى له‌ كۆبوونه‌وه‌كان و په‌رۆشییان بۆ ئه‌وه‌ى زووتر حكومه‌تى نوێ ده‌ستبه‌كار بێت، زۆر ناخایه‌نێت. 

دواڕۆژ: ئه‌و قسه‌یه‌ى گۆڕان كه‌ ده‌ڵێت یه‌كێتى داواى له‌ پارتى كردووه‌ ئه‌وان به‌شدارییان پێ نه‌كرێت، راسته‌؟
سه‌عدى پیره‌ راسته‌ نییه‌، چونكه‌ ڤیتۆمان له‌سه‌ر هیچ لایه‌نێكى سیاسى نییه‌، ئه‌وانه‌ى به‌شدارى له‌ حكومه‌ت ده‌كه‌ن رێزیان لێ ده‌گرین به‌هه‌مانشێوه‌ بۆ ئه‌وانه‌شى به‌شدارى ناكه‌ن.

دواڕۆژ: كابینه‌ى داهاتوو بۆ چه‌ند وه‌زاره‌ت كه‌م ده‌كرێته‌وه‌؟
سه‌عدى پیره‌: سیاسه‌تى بچووكردنه‌وه‌ به‌كارده‌هێنرێت بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى ژماره‌ى وه‌زاره‌ته‌كان له‌ كابینه‌ى نوێدا، هه‌روه‌ها به‌ڕێوه‌بردنى مۆدێرن به‌شێوه‌ى عه‌مودی، بۆیه‌ ژماره‌ى وه‌زاره‌ته‌كان كه‌م ده‌كرێنه‌وه‌، له‌ڕووى ئابوریشه‌وه‌ خه‌رجى و تێچووى حكومه‌ت كه‌م ده‌بێته‌وه‌، ئه‌مه‌ بڕگه‌یه‌كه‌ له‌و گفتوگۆیانه‌ى یه‌كێتى له‌گه‌ڵ پارتى و لایه‌نه‌كانى تر قسه‌ى له‌سه‌ره‌ ده‌كات.

دواڕۆژ: ئایا هه‌وڵ بۆ وه‌رگرتنى پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مان ده‌ده‌ن؟ 
سه‌عدى پیره‌: هێشتا ئه‌مه‌ یه‌كلایى نه‌كراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌ كۆبوونه‌وه‌ى داهاتوو باس له‌ پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مان ده‌كه‌ین له‌گه‌ڵ پارتى.

دواڕۆژ: به‌رنامه‌ى پێكهێنانى كابینه‌ى نوێ هاوبه‌ش ده‌بێت یان ته‌نیا هی پارتییه‌؟
سه‌عدى پیره‌: به‌رنامه‌ى كارى هاوبه‌ش ده‌بێت، ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ ده‌بێت كه‌ یه‌كێتى ته‌ئكیدى كردووه‌ته‌وه‌ له‌سه‌رى ئه‌ویش هه‌لى كار، خزمه‌تگوزارى و ئارامى، به‌ڵام ره‌نگه‌ پارتى به‌رنامه‌یه‌كى ترى هه‌بێت، پوخته‌ى به‌رنامه‌ى ئه‌و لایه‌نانه‌ى به‌شدار ده‌بن له‌ حكومه‌ت، ده‌بێته‌ به‌رنامه‌ى كارى هاوبه‌شى كابینه‌ى نوێ.

دواڕۆژ: به‌پێى پشكى یه‌كێتى له‌ناو حكومه‌تدا ده‌توانن ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ى بانگه‌شه‌تان بۆ كرد جێبه‌جێى بكه‌ن؟
سه‌عدى پیره‌: یه‌كێتى ته‌نیا نییه‌ له‌ حكومه‌تدا، له‌ كابینه‌ى هاوپه‌یمانیدا ده‌بێت هه‌وڵى ئه‌وه‌ بدرێت له‌ به‌رنامه‌ى كارى هاوبه‌ش جێگاى به‌رنامه‌یه‌كى ئێمه‌ بكرێته‌وه‌، چوارساڵى داهاتوو حكومه‌تى خزمه‌تگوزار ده‌بێت.

 

پێداچوونەوە: ن.ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure