سه‌ندیكاى كارمه‌ندانى ته‌ندروستى ره‌خنه‌ له‌ بڕیارێكى حكومه‌ت ده‌گرێت

هەواڵ / کوردستانی :: 20/11/2018‌ :: 399‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
ئه‌نجومه‌نى گشتى سه‌ندیكاى كارمه‌ندانى ته‌ندروستى رایده‌گه‌یه‌نێت: بڕیارى ژماره‌ (5308)ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران تایبه‌ت به‌ رێگریكردن له‌ ده‌رمانى ساخته‌ پێچه‌وانه‌ى یاساى خاوه‌ن پیشه‌ ته‌ندروستییه‌كانه‌، ده‌شڵێن: "85%ى ئه‌وانه‌ى له‌سه‌ر ده‌رمانى ساخته‌ ده‌ستگیركراون پزیشكى ده‌رمانساز و بارزگانانى ده‌رمان بوونه‌".


ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌، ئه‌نجومه‌نى گشتى سه‌ندیكاى كارمه‌ندانى ته‌ندروستى هه‌رێم له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى له‌ هه‌ولێر، هه‌ڵوێستى خۆیان له‌سه‌ر بڕیاره‌كانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران تایبه‌ت به‌ رێگرى له‌ ده‌رمانى ساخته‌ راگه‌یاند و تیایدا به‌یاننامه‌یه‌كى ناڕه‌زایان خوێنده‌وه‌و جه‌ختیان له‌سه‌ر كاركردن به‌ یاساى ژماره‌ 9ى ساڵى 1999ى په‌رله‌مانى كوردستان كرده‌وه‌، كه‌ رۆڵ و ئه‌ركى سه‌ندیكاى كارمه‌ندانى ته‌ندروستى رونكردۆته‌وه‌.

له‌به‌شێكى دیكه‌ى به‌یاننامه‌كه‌دا، سه‌ندیكاى كارمه‌ندانى ته‌ندروستى رایانگه‌یاندووه‌: به‌شێك له‌ بڕیاره‌كانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بۆ رێگرى له‌ ده‌رمانى ساخته‌ باش و پێویستن، به‌ڵام بڕیارى ژماره‌ (5308)ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران پێچه‌وانه‌ى یاساى خاوه‌ن پیشه‌ ته‌ندروستییه‌كانە.

ئەوەشیان خستۆتەڕوو: 85%ى ئه‌وانه‌ى له‌سه‌ر ده‌رمانى ساخته‌ ده‌ستگیركراون پزیشكى ده‌رمانساز و بارزگانانى ده‌رمان بوونه‌و هیچ په‌یوه‌ندییه‌کیان به‌ كارمه‌ندانى ته‌ندروستییه‌وه‌ نییه‌، بۆیه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى مۆڵه‌تى پیشه‌ ته‌ندروستییه‌كان به‌ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى و كاركردن به‌ یاساى ژماره‌ 11ى ساڵى 1962ى هه‌مواركراوى عێراق پێچه‌وانه‌ى یاسای په‌رله‌مانى كوردستانه‌ و نابێت كارى پێبكرێت.

 

پێداچوونەوە: ن.ر

 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure