پۆلیسی ئیتیحادی خێزانێکی کوردی کاکەیی دەستبەسەر دەکەن

هەواڵ / کوردستان :: 19/11/2018‌ :: 329‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری
هێزەکانی پۆلیسی ئیتیحادی لەکاتی پشکنینی گوندی زەنقەر لەسنوری قەزای داقوق خێزانێکی کوردی کاکەیی دەستبەسەر دەکەن، كە دەستگیرکراوەکان لەباوک و دوو کوڕ پێکهاتوون.

رەجەب کاکەیی سەرۆکی رێکخراوی یارسان ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 19ی تشرینی دووەم بەدواڕۆژی وت: "پۆلیسی ئیتیحادی لەکاتی هەڵمەتەکەیان بۆ گوندی زەنقەر چونەتە سەر ماڵی نەجیب کەریم فارس و بەهۆی شێوازی پشکنینەکەیانەوە کە لەڕووی عەشایەرییەوە قبوڵ نەکراوە، شەڕە بۆکس لەنێوان کوڕێکی ماڵەکە و پۆلیسەکان دروستبووە".

وتیشی: "لەئەنجامدا هێزەکە تەواوی ماڵەکەیان شێواندووە و نەجیب کاکەیی و هەردوو کوڕەکەیان دەستبەسەر کردووە".

ئەو چالاکوانە کاکەییە ئەوەشی خستەڕوو: کە ئەو هێزانە بێلایەن نین و هەوڵی دروستکردنی پشێویی و ئاژاوە دەدەن لەسنورەکەدا، چونکە ئەوان هەوڵی چەککردنی گوندنشینە کوردەکان دەدەن کە هاوسنوری داعشن و خۆشیان توانای پاراستنیان نییە.

 

پێداچوونەوە/ ئارام غەفور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure